نەتەوە یەکگرتووەکان: ژمارەی تووشبووانی 'ئەیدز' لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زیادیکردووە
رووداو - تەندروستی
رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رایدەگەیەنێت، تا ساڵی 2023 نزیکەی 40 ملیۆن هەڵگری ڤایرۆسی HIV کە دواتر دەبێتە هۆی ئەیدز لە جیهاندا هەبوون.
رێکخراوەکە ئەماژە بەوەدەکات، لەم ژمارەیەدا زیاتر لە نۆ ملیۆن کەس کە هەڵگری ڤایرۆسەکە بوون هیچ چارەسەرییەکیان وەرنەگرتووە و لە هەر خولەکێک کەسێک بەهۆی ئەیدز گیانلەدەستدەدات.
وینی بیانیما، سەرۆکی رێكخراوی UNAIDS دەڵێت، ''لە جیهاندا کاردەکرێت بۆ بنبڕکردنی نەخۆشیی ئەیدز، بەڵام لە ئێستادا هەوڵەکان بۆ کۆتایی هێنان بە پەتای ئەیدز خاوبوونەتەوە، بودجەی پێویست کەمکراوەتەوە و رێژەی تووشبووی نوێ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، باکووری ئەفریقا، رۆژهەڵاتی ئەورووپا و ئەمریکای لاتین زیادیکردووە''.
بە گوێرەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ساڵی رابردوو نزیکەی 630 هەزار کەس بەهۆی ئەیدزەوە گیانیان لە دەستداوە، رێژەی مردن بەهۆی نەخۆشییەکەوە لە 14 ساڵی رابردوودا نزیکەی 25٪ کەمی کردووە و هەوڵە جیهانییەکەن بۆ ئەوەن کە رێژەکە لە ساڵی 2025 کەمتر ببێت.