توێژینەوەیەک: توانای سوودوەرگرتن لە دەرمان بەپێی هەڵکشانی تەمەن دەگۆڕێت

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

توێژینەوەیەکی نوێی ئەمریکی رایدەگەیەنێت، بەپێی هەڵکشانی تەمەن توانای سوودوەرگرتن و هەڵمژینی مادەکانی نێو دەرمان دەگۆڕێن، بەمەش هۆشداری دەدرێتە بەکارهێنەرانی دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان.
 
توێژینەوەکە لە پەیمانگەی قەیسەر پێرمانێنت بۆ توێژینەوەی پزیشکی لە ویلایەتی کۆڵۆرادۆ کرا و دەرکەوت، 13٪ـی هاووڵاتییانی ئەمریکی پێنج دەرمان یان زیاتر دەخۆن، رێژەکەش بۆ بەساڵاچووان 42٪ـە.
 
 د. ئێلیزابێس بایلیس، توێژەری سەرەکیی توێژینەوەکە دەڵێت: ئەوانەی دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان بەکاردەهێنن، دەشێت لەگەڵ هەڵکشانی تەمەنیان کاریگەریی دەرمانەکان کەمببێتەوە و پێویست بکات کە پزیشک گۆڕانکاری لە جۆر و بڕی دەرمانەکە بکات.
 
دکتۆر لیزا ماککراسی، پزیشکی دەرمانساز لە ئەمریکا گوتی، پێویستە ناوە ناوە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکرێت و گفتوگۆ لەسەر جۆری دەرمان و کاریگەرییەکانیان لەسەر نەخۆشەکە بکرێت، تاوەکو پزیشکی پسپۆڕ تێبگات کە کاریگەریی دەرمانەکان وەکو خۆیانن یاخود کەمبوونەتەوە؟
 
دکتۆر لیزا ماککراسی دەڵێت: رەنگە کاریگەریی لاوەکیی دەرمانەکان بەپێی هەڵکشانی تەمەن بگۆڕێن، هەر بۆیە گوتنی هەموو ئەو نیشانانەی لەکاتی خواردنی دەرمانەکان دووچاری نەخۆشەکە دەبێتەوە {سکچوون، خەوزڕان، بێهێزی و ئاوسان، ....}، پێویستە بۆ پزیشکی پسپۆڕ روونبکرێنەوە، چونکە رەنگە هی دەرمانەکان بن.
 
بە گوتەی ئەو پسپۆڕە، دوو پرسیار هەن کە پێویستە نەخۆش لە پزیشکە پسپۆڕەکەی بپرسێت لەبارەی بەکارهێنانی دەرمان وەکو؛
 
1- ئایا ئەو کاریگەرییە لاوەکییانەی تووشیان دەبم، هی ئەو دەرمانانەیە؟
2- ئایا هێشتا ئەو دەرمانانەم پێویستە؟
 
ئەو پسپۆڕە دەشڵێت: هەندێک دەرمان ئەگەر کاریگەریی لاوەکیی زۆری دروستکرد، پێویستە بگۆڕدرێت یاخود بوەستێندرێت، هەندێکی دیکەش دەشێت بڕەکەیان کەمبکرێنەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە