کۆمەڵەی خۆراک لە کەنەدا: شەربەتی چەوەندەر پەستانی خوێن کەمدەکاتەوە

رووداو - تەندروستی 

کۆمەڵەی خۆراک لە کەنەدا چەند سوودێکی گیراوەی چەوەندەر ئاشکرادەکات؛ پێست دەدرەوشێنێتەوە و پەستانی خوێنیش کەمدەکاتەوە.
 
کۆمەڵەی خۆراک لە کەنەدا لەبارەی شەربەتی چەوەندەرەوە رایدەگەیەنێت، شەربەتەکە لە کەسانی تەندروست یارمەتیی کەمکردنەوەی پەستانی خوێن دەدات و لەوانەشی کە بەرزەپەستانی خوێنیان هەیە، یارمەتیی هاوسەنگکردنی دەدات.
 
هاوکات توێژینەوەیەکی گۆڤاری لانسێتی پزیشکی دەریدەخات، ئەگەر رۆژانە نیو لیتر شەربەتی چەوەندەر بخورێتەوە ئەوا کاریگەریی راستەوخۆ لەسەر پەستانی خوێن دروستدەکات و کەمی دەکاتەوە.
 
تەنانەت پەیمانگەی تەندروستیی نیشتمانی لە ئەمریکا رایدەگەیەنێت، شەربەتی چەوەندەر بۆ وەرزشڤانان گرنگە، چونکە سووری خوێن چالاکدەکات و پێداڕۆیشتنی ئۆکسجینیش بۆ ئەندامەکانی جەستە باشتردەکات. {بۆ زانیاریی زیاتر لەسەر سوودی چەوەندەر بۆ وەرزشڤانان، کلیک لێرە بکە}.
 
توێژەران ئاشکرای دەکەن، رۆژانە خواردنەوەی کووپێک شەربەتی چەوەندەر هیچ زیانێکی نییە و بڕێکی زۆر باشە بۆ جەستە، هەروەها نابێت زیادەڕۆیی لە خواردنەوەیدا بکرێت.
 
بە گوێرەی کۆمەڵەی خۆراک لە کەنەدا بەشێک لە سوودەکانی شەربەتی چەوەندەر دەشێت یارمەتیی ئەمانە بدات؛
 
- چالاککردنی سووڕی خوێن
- بەرزکردنەوەی ئاسنی خوێن
- بەهێزکردنی بەرگریی جەستە
- کەمکردنەوەی چەوریی سەر جگەر
- زیادکردنی درەوشانەوەی پێست
- کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی دڵ
- بەرزکردنەوەی ڤیتامین و مادە کانزاییەکان
 
جگە لەمانەش دەزگای خۆراک و دەرمان لە ئەمریکا هۆشداری دەدات، ''هیچ خۆراک و خواردنەوەیەک جێگرەوەی دەرمان نییە و نابێت بۆ چارەسەر بەکاربهێندرێن''.