لە چین خواست لەسەر بەکارهێنانی دژەخۆر زیاددەبێت
رووداو - تەندروستی
لە رۆژهەڵاتی چین لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی، گرنگی زیاتر بە رێکارەکانی خۆپارێزی لە تیشكی خۆر دەدرێت و بەکارهێنانی دژەخۆر روو لە زیادبووندایە.
بازرگانێکی بەرهەمەکانی جوانکاری پێست و دژەخۆر لە چین دەڵێت بەرهەمەکانی خۆپارێزی لە خۆر خواستێکی زۆریان لەسەرە و زۆرێک لە بازرگانەکانی دیکەش روویان لە کڕین و فرۆشتنی دژەخۆر کردووە.
ئۆ چایۆنگ، بەڕێوەبەری کۆمپانیایەکی بەرهەمەکانی دژەخۆرە لە شاری یو لە چین، دەڵێت: ''خواست لەسەر دژەخۆر لەم چەند ساڵەی دواییدا زیادی کردووە، هەروەها ئەو بازرگانییە ئومێدبەخشە، بۆیە فرۆشگایەکی نوێمان کردەوە کە تایبەتە بە بەرهەمەکانی دژەخۆر، ئەمساڵ ئێمە مادەی دژە بەکتریا و ترشی هیالۆرۆنیکی لە بەرهەمەکانمان بەکاردەهێنین کە بە گوێرەی توێژینەوە زانستییەکان سوودی زیاتری بۆ پێست هەیە''.
بە گوتەی بازرگانەکە، خەڵک لە چەند ساڵی رابردوودا زیاتر گرنگییان بە خۆپارێزی لە تیشکە زیانبەخشەکانی خۆر داوە، بەرهەمەکانی دژەخۆر بە شێوەیەکی سەرەکی زۆر بەکاردەهێنرێن و بگرە هەناردەی ئەوروپا، ئەمریکای باکوور، ژاپۆن و کۆریای باشوور دەکرێت.
بە گوێرەی ئەکادیمیایی ئەمریکی بۆ پێست، بەکارهێنانی دژەخۆر دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ رێگریکردن لە شێرپەنجەی پێست بە پاراستنی پێست لە تیشکی سەروو بنەوشەیی زیانبەخشی خۆر، بەکارهێنانی چەتر، لەبەرکردنی جلوبەرگی داپۆشەر، کڵاو، چاویلکە لەگەڵ بەکارهێنانی دژەخۆر رێکاری گرنگن بۆ کەمکردنەوەی مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجەی پێست.