رووداو - تەندروستی
حکومەتی ئیرلاند بەفەرمی نووسینی هۆشداریی تەندروستیی لەسەر بووتڵی کحول و شەراب پەسندکرد.
وەزارەتی تەندروستیی ئیرلاند واژۆی پەسندکردنی نووسینی هۆشداریی تەندروستیی لەسەر بوتڵی کحول و شەراب کرد و ساڵی 2026 دەست بە جێبەجێکردنی دەکرێت.
رۆژی دووشەممە 22-5-2023 وەزیری تەندروستیی حکومەتی ئیرلاند بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری تەندروستی و ئاگادارکردنەوەی بەکارهێنەرانی کحول لە مەترسیی خواردنەوە کحولییەکان بڕیاریدا بە نووسینی ئاگادارکردنەوە لەسەر هەر بەرهەمێکی کحولی.
ستیڤن دۆنێڵی، بەڕێوەبەری تەندروستیی ئێرلاند دەڵێت: ''هاوشێوەی نووسینی پێکهاتەی بەرهەمەکان، هۆشدارییە تەندروستییەکەش لەسەر بەرهەمەکان دەنووسرێت''، هەروەها دەشڵێت: شانازییە کە ئێمە یەکەم وڵاتین لە جیهاندا کە ئەم هەنگاوە دەنێین و هۆشداریی تەندروستی لە رێگەی بەرهەمە کحولییەکانەوە دەگەیێنین.
بە گوتەی تەندروستیی ئێرلاند، هۆشدارییەکە لەبارەی زیانەکانی کحولە لەماوەی دووگیانیدا بەوەی کە مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی جگەر بۆ دایکەکە و شێرپەنجەی کۆرپەلە زیاددەکات.
دکتۆر شیلا گیلهینی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای کحول ئەکشن لە ئێرلاند پێشوازی لە رێساکە کرد و بەهەنگاوێکی گرنگی زانیوە بۆ هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتییان و بەتایبەت بەکارهێنەران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ