رووداو - تەندروستی
بەرپرسی بەشی خۆپاراستنی تەندروستی لە کۆیە ئاشکرای دەکات، بەهۆی کەمیی کارمەندەوە کێشەیان لە رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییە باوەکان بەتایبەتیش تای خوێنبەربوون هەیە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 23-4-2025 دکتۆر تارا جەمال، بەرپرسی بەشی خۆپاراستنی تەندروستی لە کۆیە بە رووداوی راگەیاند، ژمارەی ستاف لە بەشی خۆپاراستن کەمە و رەنگە ئەمەش ئەگەری بڵاوبوونەوە و نەگەیشتنی هۆشیاریی تەندروستی بە خەڵک زیاد ببێت.
دکتۆر تارا جەمال دووپاتی کردەوە، سەربڕینی ئاژەڵ لە شوێنە نایاساییەکان و سەرشەقامەکان بە هەموو شێوەیەک قەدەخەیە و دەڵێت: ''هەر کەسێک سەرپێچی بکات، بڕی 50 تاوەکو 500 هەزار دیناری عێراقی سزا دەدرێت''.
لەبارەی کەمیی ستافەوە گوتی، لە بەشی چاودێری پێویستیان بە 20 کەس هەیە، بەڵام ئێستا تەنیا سێ کەسی تێدایە.
وەزارەتی تەندروستی جەخت لەم نۆ خاڵەی خوارەوە دەکاتەوە لەکاتی سەربڕینی ئاژەڵ؛
1- سەربڕینی ئاژەڵ پێویستە لەنێو سەربڕخانەدا بێت کە رێگەپێدراون و پزیشکانی ڤێتێرنەری سەرپەرشتی دەکات.
2- لەکاتی سەربڕینی ئاژەڵ و کەوڵ کردن یاخود پارچەپارچە کردنی گۆشتەکە جلوبەرگی خۆپارێزی وەکو 'دەستکێش، جزمە، دەمامک و چاکەتی پارێزەر' لەبەر بکرێن.
3- نابێت ماڵبات یان خەڵک کۆببنەوە لە چواردەوری گۆشتفرۆشەکە و نابێت هاوکاری بکەن لەکاتی سەربڕینی ئاژەڵەکە و پارچەپارچە کردنی گۆشت.
4- بەبێ دەستکێش مامەڵە لەگەڵ جەستەی ئاژەڵی سەربڕدراو نەکرێت و دوای بەکارهێنانی دەستکێش و کەلوپەلی خۆپارێزی، گۆشتەکە پارچەپارچە بکرێت و پاشانیش دەستەکان بشۆردرێن.
5- لابردنی پاشماوەی ئاژەڵە سەربڕدراوەکان و دانانیان لەنێو کیسی داخراو پاشانیش فڕێدانیان لە شوێنی تایبەت.
6- بەکارهێنانی چەقۆ و تەختەی پارچەپارچەکردنی تایبەت بە گۆشت و پاشانیش شووشتن و پاکژکردنەوەی تەختەکە و چەقۆکان دوای بەکارهێنان.
7- پاکککردنەوەی ئەو شوێنەی ئاژەڵەکەی لێ سەردەبڕدرێت، بەتایبەت لەو شوێنەی کە خوێنی لێیە بە مادەی کلۆرین.
8- باشتر وایە گۆشت دوای سەربڕینی ئاژەڵ، بۆ ماوەی نیو کاژێر لە پلەی 4 - 8 پلەی سیلیزی هەڵبگیرێت، ئینجا بەکاربهێندرێت، بەڵام گۆشتی کوڵاو هیچ کێشە نییە و سەلامەتە و نابێتەهۆی تووشبوون بە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون.
9- ئەگەر ئاژەڵ گەنە یان مێرووی پێوە بوو باشتر وایە نەیکڕیت یان سەری نەبڕدرێت، چونکە بەهۆی گەنە و مێرووەکانی سەر ئاژەڵەکان، ئەم نەخۆشییە لەنێوان ئاژەڵەکان دەگوازرێتەوە و پاشانیش بەهۆی خوێن و گۆشتی ئاژەڵەکەوە نەخۆشییەکە بۆ مرۆڤیش دەگوازرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ