نەخۆشنامە؛ ئاسایشی نەخۆشخانە فریاکەوتنەکان سەلامەت نییە

د. هەڤاڵ فارس، پسپۆڕی پزیشکیی فریاکەوتن - د. هونەر رێبوار، پێشکێشکار
رووداو - تەندروستی 

نەخۆشنامەی ئەمڕۆ تایبەتە بە دۆخی نەخۆشخانەکان و بەشەکانی فریاکەوتن لە مانگی رەمەزان، پسپۆڕێکی فریاکەوتن میوانە و رایدەگەیێنێت، لەڕووی ئاساییش و سەلامەتییەوە نەخۆشخانە فریاکەوتنەکان پارێزراو نین و زۆرجار پزیشک و کارمەندانی تەندروستی کەوتوونەتە ژێر هەڕەشەوە.
 
د. هەڤاڵ فارس، پسپۆڕی پزیشکیی فریاکەوتن دەڵێت: زۆرجار خەڵک وا تێدەگات کە هەر دەبێت پزیشک کارێک بۆ نەخۆشەکە بکات لەکاتێکدا کە پێویست نییە، هەروەها پشتگوێخستنی رێنوێنییەکانی پزیشکیش بە هەڵەیەکی مەترسیدار دادەنێت و چیرۆکێک لەو بارەیەوە دەگێڕێتەوە.
 
ئەو پسپۆڕە روونی دەکاتەوە، هەر کەسێک کە بێتە فریاکەوتنەکان ئەگەر دۆخەکەی بەپەلە و مەترسیدار بێت لە کەسێکی دیکەی هاتووی نێو فریاکەوتنەکە، ئەوا لە پێشینە دەبێت بۆ چارەسەر و بەهاناوەچوونی لەلایەن پزیشکان و کارمەندانەوە.
 
بەگوتەی د. هەڤاڵ فارس، بەشێکی زۆری ئەوانەی دێنە فریاکەوتنەکان، نەخۆش نین و پێویستیان بە بەشی فریاکەوتن و خێرا نییە، بەڵکو پێویستییان بە بنکە تەندروستییەکان یاخود چەند دەرمانێکی سەرەتایی هەیە.