توێژینەوەیەک: ڤیاگرا مەترسیی جەڵتەی دڵ لە پیاوان کەمدەکاتەوە

رووداو- دیجیتاڵ

توێژینەوەیەکی نوێ لە وڵاتی سوێد دەریخستووە حەبی ڤیاگرا یارمەتیدەرە لە تەمەندرێژی پیاوان و مەترسیی جەڵتەی دڵ لەسەریان کەمدەکاتەوە.


توێژینەوەکە لەلایەن پەیمانگەی کارۆلینسکا لە سوێد ئەنجامدراوە و لە جۆرناڵی (American College of Cardiology) بڵاوکراوەتەوە.

د. مارتین هۆڵزمان، پرۆفیسۆری نەخۆشییەکانی دڵ و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە لە پەیمانگای کارۆلینسکا دەڵێت، ئەو پیاوانەی نەخۆشیی خوێنبەری کۆرۆنەری دڵیان هەیە، یەکێک لە نیشانە سەرەتاییەکانی گرفتی سێکسی و رەپنەبوونی چووکە و بۆیە زۆربەی کات ئەم حەبە وەردەگرن.

سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە روونیدەکاتەوە، وەرگرتنی حەبی سیلدینافیل (ڤیاگرا) نەک تەنیا توانای سێکسی پیاوان باشتردەکات بەڵکو مەترسیی جەڵتەی دڵیاشیان کەمتر دەبێتەوە.

توێژینەوەکە لەسەر 16.500 پیاو ئەنجامدراوە کە چارەسەرەکەیان وەرگرتووە، پزیشکانی سوێد گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی ئەو پیاوانەی حەبەکانی گروپی PDE5 Inhibitors  وەردەگرن کە ڤیاگرا یەکێکە لەوان، مەترسیی جەڵتەی دڵ، سستبوونی دڵ و پێویستی بۆ قەستەرە و باڵۆن لەسەریان کەمتردەبێتەوە.

پزیشکانی پەیمانگەی کارۆلینسکا دەڵێن، توێژینەوەی زیاتر پێویستە بۆ دەرخستن و پشتڕاستکردنەوەی ئەم ئەنجامانە.

ڤیاگرا کە ناوە زانستییەکەی (Sildenafil)ە یەکێکە لەو دەرمانانەی بۆ چارەسەری رەپنەبوونی چووک و بەرزەپەستانی خوێنەبەرەکانی سییەکان بەکاردەهێندرێت، تاوەکو ئێستا ئاشکرانییە کە بۆ چارەسەری کەمبوونەوەی ئارەزووی سێکسی لە خانماندا سوودی هەیە یان نە. ئەم دەرمانە چوونی خوێن بۆ چووک زیاددەکات و نزیکەی دوو لەسەر سێی ئەو پیاوانەی بەکاریدەهێنن هەست بە باشتربوونی حاڵەتەکەیان دەکەن، زۆربەی جار چوار کاژێر بەر لە جووتبوون بەکاردەهێندرێت.