لە نەجەف ژنێک کەوچکە چایەک قوت دەدات و بە نەشتەرگەرى لە گەدەى دەردەهێندرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە نەجەف ژنێک کەوچکێکى چای قوتدا و لە نەخۆشخانە بە نەشتەرگەری لە گەدەى دەرهێندرایەوە. بەڕێوەبەرى راگەیاندنى تەندروستیى شارەکە دەڵێت: "ئەو ژنە لەکاتى چاخواردنەوەدا کەوچکەکەى قوتداوە و 35 خولەک لە هۆڵى نەشتەرگەرى بووە تاوەکو کەوچکەکە دەرهێندراوەتەوە."
رۆژی پێنجشەممە، 23ـى شوباتى 2023، بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى تەندروستیى پارێزگاى نەجەف لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، نۆرینگەى راوێژکاریى تایبەت بە نەخۆشى و نەشتەرگەریى کۆئەندامى هەرس و گەدە لە نەجەف، نەشتەرگەرییان بۆ ژنێکى 34 ساڵ کردووە کە کەوچکێکى چاى قوتداوە و کەوچکەکەیان لە گەدەى دەرهێناوەتەوە.
بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، بەرلەوەى نەشتەرگەرى بۆ بکەن بۆ دەرهێنانەوەى کەوچکەکە، لە رێگەى پشکنینى نازوورەوە کەوچەکەکە لە گەدەى ژنەکە دەرکەوتووە.
ماهر عەبوودى، بەڕێوەبەرى راگەیاندنى تەندروستیى نەجەف بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، کاژێر 10:00ـى بەیانى لەکاتى چاخواردنەوەدا ئەو کەوچکە چووەتە قوڕگى ئەو ژنەوە کە دایکی سێ منداڵە. دەشڵێت، "کاژێر سێى پاشنیوەڕۆ نەشتەرگەرى بۆ کراوە و لەدواى 35 خولەک مانەوە لە هۆڵى نەشتەرگەرى، کەوچکەکە لە گەدەى دەرهێندراوە."
ماهر عەبودى گوتیشى: "ئەو ژنە لە نەخۆشخانە دەرچووە و بارى تەندروستى جێگیرە".