وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان: دەمامکی N95 تەنیا هەشت کاژێر کارایە
رووداو - هەولێر
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران، لە هەرێمی کوردستان نرخی دەمامک بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزکرایەوە، بە شێوەیەک لە 1-3 دۆلارەوە بۆ زیاتر لە 20 دۆلار بەرزکراوەتەوە.
د. محەممەد قادر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو گوتی "تاوەکو ئێستا هیچ گومانلێکراو و تووشبوویەک بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان تۆمارنەکراو، هیچ کەسێکیش لە ئێرانەوە بۆی نییە بێتە ناو هەرێمی کوردستانەوە تاوەکو مەترسییەکانی کۆرۆنا کۆتاییان دێت".
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد "ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەوادا بڵاونابێتەوە و تەنیا لە رێگەی کەسانی تووشبووەوە دەگوازرێتەوە، بۆیە پێویست ناکات لە هەموو کات و شوێنێکدا دەمامک بەکاربهێنرێت، لەکاتێکدا دەمامکی N95 تەنیا هەشت کاژێر کارایە".
د. محەممەد قادر باسی گرانبوونی دەمامکی کرد و رایگەیاند، بەر لەوەی کۆرۆنا بڵاوببێتەوە نرخی دەمامک لەنێوان 2-3 دۆلاردا بوو، بەڵام ئێستا لە هەندێ شوێن بە زیاتر لە 20 دۆلار دەفرۆشرێت، بۆ ئەمەش حکومەت سزای داناوە.
لەبارەی تاقیگەی پشکنین بۆ کۆرۆنا گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان نەیشاردەوە کە ئەو تاقیگەیە لە هەرێمی کوردستاندا نییە و دەبێ پشکنینی گومانلێکراوەکان بنێرن بۆ بەغدا.
تاوەکو ئێستا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە بە ناوی زانستی کۆڤید-19 دەناسرێتەوە، دوو هەزار و 462 کەس لە جیهاندا گیانیان لەدەستداوە، ژمارەی ئەو کەسانەش کە تووشی ڤایرۆسەکە بوون گەیشتووەتە 78 هەزار و 823 کەس، هاوکات 23 هەزار و 380 کەسیش چارەسەریان وەرگرتووە و چاکبوونەتەوە. زۆرینەی ئەو کەسانەی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە و تووشی ڤایرۆسەکە بوون لە چینن.
هەر لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەوە وڵاتانی جیهان رێوشوێنی پێویستیان بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە گرتەبەر، لەنێویاندا راگرتن و هەڵپەساردنی گەشتەکان بوو بۆ چین.