وەزارەتی تەندروستی: لە عێراق هیچ تووشبوونێک بە کۆرۆنا تۆمارنەکراوە
رووداو - هەولێر
وەزارەتی تەندروستیی عێراق رایگەیاند، لە عێراق و هەرێمی کوردستان هیچ حاڵەتێکی تووشبوون بە ڤایرۆرسی کۆرۆنا تۆمارنەکراوە.
سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "تاوەکو ئێستا لە عێراق و هەرێمی کوردستان هیچ حاڵەتێکی تووشبوون بە ڤایرۆرسی کۆرۆنا تۆمارنەکراوە و ئەو هەواڵانەی باس لە سەرهەڵدانی کۆرۆنا لە عێراق دەکەن، راست نین".
ئەو رەتکردنەوەیەی وەزارەتی تەندروستیی عێراق لە وەڵامی هەواڵێکدا هات کە سایتی "worldometer"ی تایبەت بە ئامار و زانیارییە جیهانییەکان بڵاوی کردەوە و رایگەیاند، یەکەم حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پارێزگای زیقار لە عێراق تۆمارکرا.
ئەوە لە کاتێکدایە حکومەتی عێراق رایگەیاند، قەدەخەی هاتنی گەشتیاران لە ئێرانەوە بۆ نێو خاکی عێراق درێژدەکاتەوە بۆ رێگرتن لە هەر ئەگەرێکی گواستنەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێرانەوە بۆ عێراق.
ئەو بڕیارەی عێراق دوای ئاشکرابوونی 28 حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران هات کە تاوەکو ئێستا شەشیان گیانیان لەدەستداوە.