زانکۆی ویلایەتی فلۆریدا: شەکرە دەستکردەکان دڵەڕاوکێ زیاددەکەن

22-12-2022
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو – تەندروستی

زانکۆی ویلایەتی فلۆریدا لە ئەمریکا رایدەگەیێنێت، ئەسپارتەیمی نێو شەکرە دەستکردەکان مەترسیی تووشبوون بە دڵەراوکێ و نیشانەکانی ناڕێکی دەروونی زیاددەکات. 
 
توێژینەوەکە لە گۆڤاری نیشتمانیی ئەکادیمیای زانست بڵاوکراوەتەوە و توێژەرانی پسپۆڕییە جیاوازە تاقیگەیی و بایۆلۆژییەکانی زانکۆی ویلایەتی فلۆریدا دەریدەخەن، ئەوانەی رۆژانە شەکرە دەستکردەکان زیاد لە بڕی پێویست بەکاردەهێنن، نیشانەکانی تووشبوون بە دڵەڕاوکێیان لەسەر دەردەکەوێت و زووتر دووچاری کێشە دەروونییەکان دەبن. 
 
سارا جۆنیس، پسپۆڕی دەرمانزانی لە زانکۆکە هۆکاری خراپیی شەکری ئەسپارتەیم رووندەکاتەوە و دەڵێت: ''جەستە شەکری ئەسپارتەیم دەگۆڕێت بۆ ترشی ئەسپارتیک، کە کاریگەری نەرێنی لەسەر نێوەندە کۆئەندامی دەمار هەیە و سەرئەنجام دڵەڕاوکێ دروست دەکات.'' 
 
هەروەها سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: ''زیادەڕۆیی لە خواردنی شەکرە دەستکردەکان نیشانەکانی دڵەڕاوکێ و ناڕێکیی دەروونی لەسەر بەکارهێنەران دروستدەکات بەتایبەت ئەوانەی نەخۆشیی شەکرەیان هەیە''، هەروەها دەشڵێت: زۆرینەی شەکرە دەستکردەکان ئەسپارتەیمیان تێدایە کە پەیوەندیی راستەوخۆی بە وەرگرەکانی دەمار و گۆڕینی بارودۆخی دەروونی هەیە و بەکارهێنەران دەشێت تووشی نیشانەکانی وەکو 'بێهێزی، ئازاری ماسوولکەکان، ناڕێکیی خەوتن و هەستکردن بە ماندویێتی' ببن.    
 
دامەزراوەی خۆراک و دەرمان لە ئەمریکا بەکارهێنانی ئەسپارتەیم بۆ کەمتر لە 15٪ـی ژەمی خۆراکی رۆژانە پەسنددەکات کە دەکاتە رۆژانە بڕی 50 مللیگرام. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە