FDA هۆشداری دەدات لە دەرمانێکی باوی رەبۆ

رووداو - تەندروستی 

دەزگای خۆراک و دەرمان لە ئەمریکا رایدەگەیێنێت، دەرمانێکی رەبۆ کە زۆر بەکاردێت، ئەگەری تووشبوون بە چەند نەخۆشییەکی دەروونی زیاددەکات.
 
دەزگای خۆراک و دەرمان FDA لە ئەمریکا ئاشکرای دەکات، دەرمانەکە ناوە بازرگانییەکەی Singulair و مادەی مۆنتۆلۆکاستی تێدایە، بە چەندین وەرگری مێشکەوە دەنووسێت و فەرمانەکانی مێشک لاوازدەکات.
 
گومانەکان لەسەر ئەم دەرمانە هەبوون و تاوەکو 2019 چەندین سكاڵا و راپۆرت لەبارەی کێشە دەروونییەکانی بەکارهێنەرانەوە تۆمارکراون، بەڵام FDA بۆی دەرکەوتووە، دوورمەودا دەبێتەهۆی خەمۆکی، لاوازیی بیرکردنەوە، لەبیرچوونەوە و تەنانەت خۆکوشتنیش.
 
پاشان FDA لە ساڵی 2020 دەرمانەکەی بە مەترسیی جیدی بۆ سەر مێشک ناساند، بەوەی کە مادەکانی نێوی تێکەڵ بە وەرگرەکانی مێشک دەبن، ئێستاش لە راپۆرتێکدا هۆشداری لە کەمکردنەوە یاخود سنووردارکردنی بەکارهێنانی دا.
 
کۆمپانیای بەرهەمهێنەر دەڵێت: متمانەیان بە دەرمانەکەیان هەیە و سەلامەتە، ئەو کێشانەش بە کاریگەرییە لاوەکییەکانی دەرمانەکە دادەنێن.