لە سکۆتلاند بەکتریا بۆ چارەسەری شێرپەنجە بەکاردەهێندرێت

رووداو - تەندروستی

چارەسەر و رووبەڕووبوونەوەی شێرپەنجە بووەتە مژارێکی سەرەکیی جیهانی و پێشکەوتنە نوێیەکانی بوارەکە رۆژ بە رۆژ بەرەو نوێگەری دەڕۆن، بۆ یەکەمجار لە سکۆتلاند بەکتریا بۆ لەنێوبردنی خانە شێرپەنجەییەکان تاقیدەکرێتەوە.
 
توێژەرانی پەیمانگەی توێژینەوەی شێرپەنجە لە شاری گلاسکۆی سکۆتلاند بە هاوبەشی لەگەڵ سەنتەری توێژینەوە لە بەریتانیا، بەکتریای سالمۆنێلا بۆ پێشگیری لە خانەکانی شێرپەنجەی کۆڵۆن و رێکە بەکاردەهێنن.
 
د. کێندڵ ماسلۆڤسکی، توێژەری سەرەکیی ئەم تاقیکردنەوەیەیە و دەڵێت: ''بەکتریاکە مادەیەک بەکاردەهێنێت بە ناوی ئەسپاراجین، کە ئەو مادەیە گەشەی خانەکانی شێرپەنجە زیاددەکات، بەمەش بەکتریاکە رێگری لە گەشەی خانە شێرپەنجەییەکان دەکات''.
 
سالمۆنێلا ئەو بەکتریایەیە کە دەبێتەهۆی گرانەتا و تووشی کۆئەندامی هەرس دەبێت، ئێستا پسپۆڕان لە هەوڵی ئەوەن، گۆڕانکاری لە بەکتریاکە بکەن و وەکو دەرزی ئامادەی بکەن، تاوەکو لە ئایندەیەکی نزیکدا وەک چارەسەرێکی نوێی شێرپەنجە بەکاریبهێنن.
 
بەپێی سەنتەری توێژینەوەی شێرپەنجە لە بەریتانیا، ساڵانە نزیکەی 16 هەزار و 800 تووشبووی شێرپەنجەی کۆڵۆن و رێکە گیانلەدەستدەدەن.