زانکۆی مینیسۆتا: دەرمانێکی شەکرە مەترسیی تووشبوون بە کۆرۆنا کەمدەکاتەوە

رووداو - تەندروستی 

توێژینەوەیەکی زانکۆی مینیسۆتا لە ئەمریکا دەریدەخات، جیا لە کۆنتڕۆڵکردنی شەکرەی خوێن، یەکێکی دیکە لە سوودەکانی باوترین دەرمانی شەکرە کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوونە بە کۆرۆنا. 
 
لەم توێژینەوەدا نزیکەی 76 هەزار کەس بەشداریان کردووە و دەرکەوتووە، دەرمانی مێتفۆڕمین کە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی شەکرەی خوێن بەکاردەهێندرێت، ئەگەری تووشبوون بە کۆرۆنا بەڕێژەی 41% کەمدەکاتەوە.
 
د. کارۆلین بارمانتی، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، ''دەرمانەکە ئەگەری گیانلەدەستدان بەهۆی کۆرۆنا لە تووشبووانی نەخۆشیی شەکرەی جۆری دووەم کەمدەکاتەوە''. 
 
بەگوێرەی پەیمانگەی تەندروستیی نیشتیمانی NIH، تاوەکو ئێستا روون نییە چۆن مێتفۆڕمین ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی کۆڤید کەمدەکاتەوە، بەڵام پێشبینی دەکرێت چەند میکانیزمێک هەبێت کە هەوکردن کەمبکاتەوە و هێرشبکاتە سەر ڤایرۆسەکان.