CDC: لە ئەمریکا ژمارەی تووشبووانی کۆکەڕەشە لە زیادبوونە

رووداو - تەندروستی 

ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا CDC رایدەگەیێنێت، نەخۆشیی کۆکەڕەشە بە خێرایی لەنێو خەڵک بڵاودەبێتەوە و ژمارەی تووشبووان بە نەخۆشییەکە بەراورد بە ساڵانی پێشووتر زیادیکردووە.
 
ناوەندەکە ئاماژە بەوەدەکات، لە ماوەی هەفتەی رابردوو 291 تووشبوو لە سەرانسەری ئەمریکا تۆمارکراون، ویلایەتی نیویۆرک زۆرترین تووشبووی تێدا تۆمارکراوە و لە دوای ئەویش ویلایەتەکانی ئۆهایۆ و پێنسیلڤانیا دێن. 
 
CDC دەریدەخات، هۆکاری بەرزبوونەوەی بەردەوامی تووشبووانی کۆکەڕەشە ئەوەیە کە ئەو ڤاکسینەی دژ بە نەخۆشییەکە بەکاردەهێندرێت کاریگەریەکەی درێژخایێن نیە. 
 
CDC جەخت دەکاتەوە، بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنەوەی وەرزی خوێندن، دەبێت گرنگی بە پاکی ناوەندەکانی خوێندن بدرێت و رێکارە خۆپارێزییەکان دژ بە نەخۆشییە ڤایرۆسییەکان بگیرێنەبەر. 
 
بە گوێرەی مایۆکلینیک، نەخۆشیی کۆکە رەشە؛ کۆکەیەکی بەردەوامی بێزارکەرە بەهۆی هەوکردنی رێڕەوی هەناسەوە بە بەکتریای (Bordetella Pertussis)، تووشی هەموو تەمەنێک دەبێت بەتایبەتی منداڵانی خوار شەش مانگ، چونکە هێشتا سیستمی بەرگرییان تەواو نییە. 
 
سەرەتای نەخۆشییەکە وەکو دەردەسەرما وایە، نەخۆش نیشانەکانی هەڵامەت، پژمین و تا لەگەڵ کەمە کۆکەیەکی هەیە، دوای یەک بۆ دوو هەفتە کۆکەکە دەگۆڕێت بۆ کۆکەیەکی وشکی بێزارکەر و تووند کە بە شێوەی لەناکاو بۆی دێت.
 
رێگەکانی گواستنەوە؛
بەرکەوتن بە دەردراوەکانی دەم و لووت
پژمین
کۆکین
دەستلێدان 
بەرکەوتن
 
رێگەکانی خۆپاراستن لە کۆکە؛ 
کوتان بە گوێرەی خشتەی کوتان، دەشێت ئەوانەی ڤاکسینیان وەرگرتووە تووشی نەخۆشییەکە ببن، بەڵام بە سووکی دەیگرن.
کەمکردنەوەی مامەڵەکردن لەگەڵ کەسی تووشبوو.