بەپرسێکی تەندروستیی عێراق: پیسبوونی هەوا ژمارەی تووشبووانی نەخۆشییەکانی دووهێندە زیادکردووە

22-09-2024
شکار رێبوار
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

بریکاری تەکنیکیی وەزارەتی تەندروستیی عێراق بە رووداوی راگەیاند، لە رابردوودا چەند نەخۆشییەکی دیاریکراو لە عێراقدا هەبوون کە رێژەکەیان کەمبوو و 9٪ـی تێنەدەپەڕاند، بەڵام ئێستا بۆ 22٪ بەرزبوونەتەوە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 22ـی ئەیلوولی 2024 لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی گۆڕانی کەشوهەوا لە بەغدا؛ د. هانی موسا، بریکاری تەکنیکیی وەزارەتی تەندروستیی عێراق ئاشكرای کرد، عێراق لە ریزبەندی پێنجەمین وڵاتانی جیهاندایە کە گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەریی لێیکردووە و زیانی پێگەیاندووە.
 
د. هانی موسا، بریکاری تەکنیکیی وەزارەتی تەندروستیی عێراق دەڵێت: رێژەی تووشبووانی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە و رەبۆ لە تەواوی عێراق 22٪ـی تێپەڕاندووە کە گۆڕانی کەشوهەوا یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکان.
 
تەنانەت ئەوەشی باسکرد کە لە ساڵانی رابردوو تووشبووی تای خوێنبەربوون لە مانگی شەش تاوەکو کۆتایی هاوین تۆماردەکرا، بەڵام ئێستا لە مانگەکانی سێ و چوارەوە تووشبوو تۆماردەکرێت، ئەمەش لەبەر بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و گەرمبوونی تەواوی ناوچەکانی عێراق.
 
لە بەشێکی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەتی تەندروستی بایەخی زۆر بەم دۆخە دەدات، تەنانەت ئەنجوومەنی وەزیران و حکومەتی فیدراڵی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان کار و چالاکیی زۆر دەکەن و پەیوەندیی بەردەوامیان لەگەڵیاندا هەیە. بەتایبەتیش لەبارەی گۆڕانی کەشوهەوا و کاریگەرە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆکانی. 
 
لەبارەی بڵاوبوونەوەی کۆلێراو، د. هانی مووسا چی گوت؟
 
د. هانی موسا دەڵێت: ''بەهۆی ئەوەی ئەندامی باڵای لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی کۆلێرام، لە لیژنەکە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو و ئەمیندارێتیی بەغدا و چەند وەزارەتێکی دیکەی پەیوەندیداریش ئەندامن. باشترین رێگە چارە بۆ پێشگیری لە نەخۆشییەکە بایەخدانە بە خاوێنکردنەوەی ئاو و سەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوە، تەنانەت تێبینی ئەوەشمان کردووە کە کۆلێرا بە شێوەیەکی فراوان لە ناوچەکانی باکووری عێراق، واتە لە کەرکووک بەرەو سەرەوە کۆلێرا زیادبووە، چونکە کەمئاون و بیری زۆری لێدەدرێت کە بەشێکیان هۆکاری راستەوخۆن بۆ گواستنەوەی کۆلێرا''.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شا چارلز.

پاشای بەریتانیا: پشکنینی پێشوەختە ژیانی رزگار کردم

شا چارڵزی سێیەم پاشای بەریتانیا، رایگەیاند بەهۆی دەستنیشانکردنی زوو و پابەندبوون بە رێنوێنیی پزیشکەکانەوە، چارەسەرەکانی بۆ نەخۆشیی شێرپەنجە لە ساڵی نوێدا کەمدەکرێنەوە.