پسپۆڕێکی چاو لە لوبنان: دوای تەقینەوەی پەیجەرەکان، سەتان نەشتەرگەریی چاومان کردووە

رووداو - تەندروستی 

پسپۆڕێکی نەخۆشی و نەشتەرگەرییەکانی چاو لە لوبنان رایدەگەیێنێت، بە سەتان نەشتەرگەریی چاویان بۆ قوربانییانی تەقینەوەی پەیجەرەکان کردووە و زۆرینەی قوربانییانیش گەنج بوون.
 
د. ئیلیاس جەرادە، پسپۆڕی نەخۆشی و نەشتەرگەرییەکانی چاو لە لوبنان دەڵێت: زۆرینەی قوربانییان گەنجانن کە زیان بە چاوێک یاخود هەردوو چاویان کەوتووە و بەشێکیشیان بیناییان لەدەستداوە.
 
تەنانەت ئەو پسپۆڕە باسی ئەوەش دەکات کە لە رۆژی تەقینەوەکانەوە تاوەکو ئێستا رۆژانە دوو کاژێر خەوی هەبووە و هەر خەریکی نەشتەرگەرییەکان بووە.
 
رۆژانی 17 و 18ـی ئەم مانگە هەزاران ئامێری پەیوەندیکردن لە بەیرووت و چەند شوێنێک تەقینەوە و دەیان کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە دووهەزار و 300 کەسیش برینداربوون کە زۆرینەیان ئەندامی حیزبووڵڵا بوون، هەرزوو حیزبوڵڵا بەرپرسیاریێتی کردەوەکەی خستە ئەستۆی ئیسرائیل، بەڵام ئیسرائیل بەرپرسیارێتییەکەی لە ئەستۆ نەگرتووە و رەتیشی نەکردووەتەوە.
 
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی فڕۆکەوانی مەدەنیی لوبنان داوا لە کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی کرد گواستنەوەی ئامێرەکانی پەیجەر و وۆکی تۆکیی تایبەت بە پەیوەندیکردنی لە سەرنشینانی فڕۆکەکان، قەدەخە بکرێت.
 
ئێستا زۆر لە لوبنانییەکان خۆیان لە پاوەر بانک و مۆبایل بەدوور دەگرن و شەوان لە ژووری خەوتنەکانیان دایاننانێن.