کۆمەڵەی ئەلزەهایمەری نێودەوڵەتی: جگەرەکێشان هۆکارێکی لەبیرچوونەوەیە

22-09-2024
شکار رێبوار
ئاماژەیەک بۆ نەخۆشێکی تووشبووی لەبیرچوونەوە. وێنە: UAB Medicine
ئاماژەیەک بۆ نەخۆشێکی تووشبووی لەبیرچوونەوە. وێنە: UAB Medicine
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

لە بەریتانیا ژمارەی تووشبووانی لەبیرچوونەوە زیادبووە و پڕۆفیسۆرێک دەڵێت، 850 هەزار تووشبووی لەبیرچوونەوە هەن کە 60٪ـیان نەخۆشیی ئەلزەهایمەریان هەیە.
 
نەخۆشییەکە ئەوەندە زۆر بووە، نزیکبووەتەوە لە قەیران، چونکە لەکۆی سێ کەس، یەکێکیان لەبیرچوونەوەی هەیە.
 
پڕۆفیسۆر کارۆڵ براین، پسپۆڕی تەندروستیی گشتی لە زانکۆی کامبریج دەڵێت: ''ژمارەی راستەقینەی تووشبووانی لەبیرچوونەوە 850 هەزار کەسە، لەبیرچوونەوە چەند نەخۆشییەکن و باوترینیان ئەلزەهایمەرە، رەنگە 60٪ـی ئەو ژمارەیە نەخۆشیی ئەلزەهایمەریان لێ دەستنیشانکرابێت''.
 
بە گوێرەی کۆمەڵەی ئەلزەهایمەری نێودەوڵەتی، هەر سێ چرکە جارێک، کەسێک تووشی ئەلزەهایمەر دەبێت و لە 50 ساڵی داهاتوودا ژمارەی تووشبووان سێ ئەوەندە زیاددەبێت.
 
هۆکارە باوەکانیش دەشێت ئەمانەبن؛
 
- قەڵەوی 
- بەساڵداچوون
- کێشانی جگەرە و نێرگەلە
- شەکرە و بەرزەپەستانی خوێن
- خواردنەوەی کحول
- گوشاری دەروونی
 
پڕۆفیسۆر ئیدۆ ریچارد، پسپۆڕێکی مێشک و دەمارە لە هۆڵەندا و دەڵێت، زۆرینەی تووشبووانی ئەلزەهایمەر چیرۆکێک یاخود قسەیەک دەکەن کە پێش نیو کاژێر گێڕاویانەتەوە، بەڵام دووبارەی دەکەنەوە.
 
تەنانەت دەشڵێت: ''شتە سەیرەکە ئەوە نییە کە تەنیا یادەوەری لەدەستدەدەن، بەڵکو چیرۆکێک دەگێڕنەوە کە پێش نیو کاژێر گێڕاویانەتەوە، یاخود چەند جارێک هەمان پرسیار دەکەن، یانیش هەستیان بۆ دەستنیشانکردنی کاتەکان نییە، بەجۆرێک ئەوان رێکخستنی کات لەبیردەکەن و دەپرسن؛ کەی پێویستە بڕۆین؟ کەی چاوپێکەوتنەکە لە نیوەڕوان دەستپێدەکات؟.'' 
 
لە بەریتانیا لە سێ کەس یەکێکیان لەبیرچوونەوەی هەیە؛ پیاوانیش زۆرترینن، رێکخراوی تەندروستیی جیهانیش بۆ پێشگیری لەم نەخۆشییە، وەرزش و جووڵەی رۆژانە لەگەڵ خواردنی خۆراکی تەندروستی بە رێگەی سەرەکی داناوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە