چوار رێگا بۆ نەهێشتنی بۆنی دەم

22-09-2019
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن بۆنی دەم ددان
A+ A-

رووداو - وێب مێد

بەشێكی زۆری خەڵكی بەدەست بۆنی ناخۆشی نێودەمەوە دەناڵێنن كە چەندین هۆكاری هەیە، لەوانە: بایەخنەدان بە پاكڕاگرتنی دەم و ددان، یاخود گرفتەكانی كۆئەندامی هەناسە و هەرس.

بەم چوار رێگایە بۆنی ناخۆشی نێودەم كەم دەبێتەوە:

1- پاكڕاگرتنی دەم و ددان:

كۆبوونەوەی خۆراك لەسەر ددانەكان كە دواتر دەبێتە هۆی دروستبوونی كلس، یەكێكە لە هۆكارەكانی بۆنی ناخۆشی نێودەم، پزیشكانی پسپۆڕی ددان رێنمایی دەدەن رۆژانە لانیكەم دوو جار دەم و ددان بشۆردرێت، بەڵام شێوازی شۆردنیشی زۆر گرنگە و دەبێت كاتی شۆردنی ددان لە دوو خولەك كەمتر نەبێت و لەگەڵیدا زمانیش بشۆرێ.

2- غەرغەرەی دەم:

یەكێكی دیكە لە رێگەكانی نەهێشتنی بۆنی دەم ئەوەیە غەرغەرەی دەم بكەی. دەتوانی بە هەندێك ماددەی پاككەرەوەی دەم و ددان ئەو كارە بكەی كە لە دەرمانخانەكان بەردەستن، یاخود بە ئاو و خوێ، ئەم كارە بەكتریا زیانبەخشەكانی نێو دەم ناهێڵێ كە هۆكاری بۆنی ناخۆشی نێو دەمن.

3- خۆراك:

دەبێت لە خواردنی ئەو خۆراكانەی دەبنە هۆی بەخشینی بۆنێكی ناخۆش بە دەم دووربیت، وەكو پیاز و سیر، چونكە تەنانەت شۆردنی ددانیش نابێتە هۆی لەنێوچوونی بۆنەكەی، ماددەكانی نێو ئەم دوو خۆراكە لە رێگەی خوێنەوە دەچنە سییەكان، بۆیە لە جیاتی ئەوە ئەو خۆراكانە بخۆن كە بۆنی دەم خۆش دەكەن وەك: چای سەوز، گێلاس، كاڵەك و ماست.

4- وازهێنان لە جگەرە:

جگەرەكێشان جگە لەوەی دەبێتە هۆی زەرد هەڵگەڕانی ددانەكان، لە هەمانكاتدا هۆكارێكی دیاری بۆنی ناخۆشی دەمیشە، بۆیە باشتر وایە واز لە تووتن بهێنیت ئەگەر بەدەست بۆنی ناخۆشی دەمەوە دەناڵێنی.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە