کوردێک لە ئەفریقا: وڵاتانی ئەفریقی بە هۆشیاریی تەندروستی پێشگیری لە 'ئاوڵەی مەیموون' دەکەن

رووداو - تەندروستی

خوێندکارێکی کورد چووەتە ئەفریقا بۆ ئەوەی بەشداری لە دیدارێکی جیهانیی پیسبوونی هەوا بکات، باسی دۆخی رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشیی 'ئاوڵەی مەیموون' بۆ رووداو دەکات و دەڵێت: ''ئێستا هۆشیارکردنەوەی خەڵک رێگەی سەرەکیی وڵاتانی ئەفریقایە بۆ پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکە''.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 22ـی ئابی 2024 سەفین محەممەد، خوێندکاری ماستەر لە تەندروستیی گشتی لە هەرێمی کوردستان لە میانەی بەشداریکردنی لە دیدارێکی جیهانیی کاریگەرییەکانی پیسبوونی ژینگە لەسەر تەندروستیی گشتی لە کینیا بە رووداوی راگەیاند، گۆڕانی کەشوهەوا و گەرمبوونی زەوی کێشەیەکی سەرەکیی جیهانییە لەبەردەم تەندروستیی گشتیدا بەتایبەت لە وڵاتانی کەمداهات.
 
لەبارەی نەخۆشیی 'ئاوڵەی مەیموونەوە' دەڵێت: بە گوتەی بەرپرسانی تەندروستیی کینیا، تەنیا یەک تووشبووی نەخۆشییەکە تۆمارکراوە و چاکبووەتەوە، هاوکات دەشڵێت: ''رێگەکانی خۆپارێزی لە نەخۆشییەکە گیراونەتەبەر''.
 
سەفین محەممەد ئەمانەی خوارەوە باسدەکات کە حکومەتی کینیا بۆ رێگری لە 'ئاوڵەی مەیموون' جێبەجێیان دەکات؛ 
 
- بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی تەندروستی لەنێو خەڵک وەکو رێگەیەکی سەرەکی پێشگیری.
- دانانی چەن لیژنەیەک بۆ چاودێریکردنی پاکوخاوێنیی خەڵک، سەرچاوەی ئاو و خۆراک.
- پشکنین لە سنوورەکان و جیاکردنەوەی ئەوانەی گومانی تووشبوونیان بە نەخۆشییەکە هەیە.
 
سەفین محەممەد سەبارەت بە دیدارەکە گوتی، یەکێک لە ئامانجەکانیان ئەوەیە کە کێشەکانی پیسبوونی هەوا لە هەرێمی کوردستان بگەیێنن بە جیهان، تاوەکو چارەسەر و پێشنیازی گونجاویان لەلایەن پسپۆڕانی جیهانەوە پێبدرێت.