پسپۆڕێکی چاو بۆ تووشبووانی شەکرە: ساڵانە پشکنینی چاو بکەن

رووداو - تەندروستی 

پسپۆڕێکی نەخۆشی و نەشتەرگەرییەکانی چاو رایدەگەیێنێت، تووشبووانی نەخۆشیی شەکرە ئەگەری تووشبوونیان بە ئاوی رەش و ئاوی سپیی چاو دووئەوەندە زیاترە بەراورد بەوانەی شەکرەیان نییە، بەتایبەت لە تەمەنە گەنجەکاندا.
 
د. ئەبوبەکر زاهیر کاوانی، پسپۆڕی نەخۆشی و نەشتەرگەرییەکانی چاو بە رووداوی گوت، بە تێپەڕبوونی کات لەو کەسانەی کە نەخۆشیی شەکرەیان هەیە کاریگەریی نەخۆشییەکە لەسەر چاویان دەردەکەوێت تەنانەت گوتیشی، هەندێکجار نەخۆشیی شەکرە دەبێتەهۆی ئیفلیجبوونی یەکێک یان چەند ماسوولکەیەکی جووڵێنەری چاو، ئەویش دەبێتەهۆی تێکچوونی جووڵەی چاو و بینین کە ئەو بارە یان کاتییە یانیش هەمیشەیی.
 
ئەو پسپۆڕە باسی چەند کێشەیەکی باوی نەخۆشیی شەکرە لەسەر چاو دەکات وەکو؛
 
1- نەخۆشیی شەکرە دەبێتەهۆی ئەستووربوونی تۆڕەی چاو بە تایبەتی لە هەستیارترین ناوچە لە تۆڕەی چاو، کە ئەویش ناوچەی زەردەپەلە.
 
2- کەمیی ئەو ئۆکسجینەی کە دەگاتە تۆڕەی چاو دەبێتەهۆی لێبڕانی خوێن لە هەندێک ناوچەی تۆڕەی چاو، ئەویش دەبێتەهۆی خوێنبەربوون لەسەر تۆڕەی چاو و لەناو شلەی شووشەیی چاو بەهۆی دروستبوونی موولوولەخوێنی بچووک و ناسک کە زۆر بە ئاسانی دەتەقن و دەبنەهۆی خوێنبەربوون.
 
3- شەکرە دەبێتەهۆی دروستبوونی پەردە لەسەر تۆڕەی چاو.
 
4-  شەکرە دەبێتەهۆی جیابوونەوەی تۆڕەی چاو.
 
5-  شەکرە دەبێتەهۆی پووکانەوەی دەماری بینین.
 
بەڵام د. ئەبوبەکر کاوانی دەڵێت: ئەو کێشانە لە هەموو کەسێک روونادەن، چونکە روودانی ئەو کێشانە دەوەستێتە سەر:
 
- چەند ساڵە کەسەکە نەخۆشیی شەکرەی هەیە؟
- نەخۆشییەکە لەژێر کۆنتڕۆڵە یاخود نا؟
- رێژەی چەورییە زیانبەخشەکانی ناو خوێن.
- سستیی گورچیلەکان.
- بەرزەپەستانی خوێن.
 
لە کۆتایی قسەکانیدا دەشڵێت: ''ئەو کەسانەی کە نەخۆشیی شەکرەیان هەیە واباشە لەکاتی دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە، ساڵانە پشکنینی چاویان بکەن''.