پسپۆڕێکی زانستە کشتوکاڵییەکان: جۆرێکی شووتی برینی گەدە دروستدەکات

رووداو - تەندروستی 

پسپۆڕێکی زانستە کشتوکاڵییەکان ئاشکرای دەکات، ئەگەر زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی جۆرێکی پەین بکرێت لە کێڵگەکانی شووتی ئەوا شووتییەکە ژەهراوی دەکات، بەمەش هۆکاردەبێت بۆ برینداربوونی گەدە.
 
موسلیم سلێمان، لێپرسراوی تاقیگەی کشتوکاڵی هەڵەبجە و پسپۆڕی زانستە کشتوکاڵییەکان بە رووداوی راگەیاند، شووتی نابێت ناوەکەی سووری تۆخ بێت، بەڵکو پێویستە مەیلەو پەمەیی بێت و توێکڵی ناوەوەی شووتییەکەش نابێت زەردباو بێت، بەڵکو پێویستە سپی بێت.
 
موسلیم سلێمان باسی رەنگی شووتی دەکات و دەڵێت: ''پێویستە رەنگێکی تێر و ماتی هەبێت و نابێت کاڵ بێت''، هەروەها لەبارەی کێشی شووتییەوە گوتی، نابێت لە حەوت بۆ هەشت کیلۆگرام زیاتر بێت و ئەگەر کێشی زۆر بوو، بەڵام نیشانەی گەشەکردنی پێوە دیارنەبوو، ئەوا مانای وایە کە زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی پەینی کیمیایی کراوە.
 
لە بەشێکی قسەکانیدا موسلیم سلێمان دەڵێت: ''زێدەڕۆیی لە بەکارهێنانی پەینی نایترۆجین لە کێڵگە شووتییەکاندا بکرێت، ئەوا لەنێو شووتییەکە مادەی ژەهراوی دروستدەبێت و ئەمەش دەبێتەهۆی 'سکچوون، رشانەوە و برینی گەدە' بەتایبەت لە منداڵانی خوار 10 ساڵان.
 
تەنانەت جەخت لەوەش دەکاتەوە، شووتی نابێت پەینی کیمیایی زۆری بۆ بەکاربێت کە زۆرجار بۆ گەورەبوونی قەبارەی شووتییەکە بەکاردەهێندرێن.