لە غەززە هۆشداری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی ئیفلیجیی منداڵان دەدرێت
رووداو - تەندروستی
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایدەگەیەنێت، ڤایرۆسی ئیفلیجیی منداڵان لە غەززە بڵاوبووەتەوە و دەشێت بگاتە وڵاتەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
راگەیێندراوەکەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO ئاماژە بەوەدەکات، ڤایرۆسی ئیفلیجیی منداڵان 'جۆری دوو' لە شەش نمونەی ئاوی پیس لە غەززە دۆزراوەتەوە و ئەگەر رێگەچارەی پێویست نەگیرێتەبەر مەترسی لەسەر تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروستدەکات.
فلێمینگ کۆنرادسن، پرۆفیسۆری تەندروستیی جیهانی دەڵێت، ''ئەوەی ئێستا لە غەززە روودەدات جێگەی نیگەرانییە، کەرتی تەندروستیی غەززە وێران بووە و دەبێت ئیسرائیل بیر لەوەبکاتەوە کە ڤایرۆسەکە دەگوازرێتەوە و کارەسات دروستدەکات''.
بە گوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ڤایرۆسی ئیفلیجیی منداڵان لانیکەم لە شەش نمونەی ئاوی پیس لە غەززە دۆزراوەتەوە، نمونەکان لە دوو شوێنی جیاواز وەرگیراون، خان یونس لە باشوور و دێر ئەلبەلا لە ناوەڕاستی کەرتی غەززە.
رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان رایدەگەیەنێت، بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، دابەزینی ئاستی پاکوخاوێنی بەهۆی سەختیی دەستڕاگەیشتن بە ئاوی پاک و خراپیی دۆخی تەندروستیی غەززە وایان کردووە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییە ڤایرۆسییەکان زیادببێت.