زانکۆی سیدنی: دەشێت دەرزیی شلکەرەوەی خوێن دژی زەهری مار بەکاربهێندرێت

رووداو - تەندروستی

توێژینەوەیەکی زانکۆی سیدنی لە ئوسترالیا دەریدەخات، دەرمانی شلکەرەوەی خوێن وەکو هیپارین رێگریدەکات لە مردنی خانەکان و دواجار بڕینەوەی پەلەکان بەهۆی پێوەدانی مارەوە.
 
لە توێژینەوەکەدا هاتووە، هیپارین دژی زۆرینەی زەهری جۆرە جیاوازەکانی مارەکان کاردەکات و رێگری لە لەناوچوونی خانەکان دەکات.
 
د. تیان دو، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە رایدەگەیەنێت، '' لە ئێستادا دەرمانی دژە زەهر وەکو چارەسەری پێوەدانی مار بەکاردەهێنرێت کە لە رێگەی دەرزییەوە دەکرێتە نێو لوولەکانی خوێن، دژە زەهرەکە دەگاتە نێو خوێن بەڵام رێگری ناکات لە مردنی خانە و شانەکان''.
 
سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەشڵێت، هیپارین رێگری لە زیانی خانە و شانەکان دەکات بە رێژەی 50٪ بۆ 100٪ ئەمەش بەندە بەپێی ژەم و خێرا وەرگرتنی دەرمانەکە. 
 
بە گوێرەی ئەم توێژینەوەیە ساڵانە نزیکەی 138 هەزار کەس بەهۆی پێوەدانی مارەوە گیانلەدەستدەدەن و زیاتر لە 400 هەزار کەس تووشی لەدەستدانی بەشێکی جەستە و بڕینەوەی پەلەکان دەبن.