نەتەوە یەکگرتووەکان: ساڵی رابردوو ملیۆنێک و 300 هەزار تووشبووی نوێی ئەیدز تۆمارکراون

رووداو - تەندروستی 

لە جیهاندا کاردەکرێت بۆ بنبڕکردنی نەخۆشیی ئەیدز، بەڵام رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەیدز ئاشكرای دەکات، ساڵی رابردوو ملیۆنێک و 300 هەزار تووشبووی ئەیدز تۆمارکراون کە 120 هەزاریان منداڵبوون.
 
لە وڵاتانی ئەفریقا هۆشیاریی تەندروستیی سێکسی و رێگەکانی پێشگیری لە ئەیدز بڵاودەکرێنەوە، ناوەندە پەروەردەییەکان خەڵک فێردەکەن کە چۆن خۆیان لە رێگەکانی گواستنەوەی نەخۆشییەکە بپارێزن، ئامانجیش ئەوەیە لەو شوێنانەی هێشتا تووشبووی ئەیدزیان زۆرە، نەخۆشییەکە کەمبکرێتەوە.
 
گنیوالی ندانگو، تووشبوویەکی ئەیدزە و دەڵێت: ''من بێ دایک و باوکم، لە سێ خوش و برا، تەنیا من رۆژانە دەرمان بۆ نەخۆشییەکەم وەردەگرم بەبێ وەستان، لەو کاتەوەی لەدایکبووم لەگەڵ ئەیدزدا دەژیم''.
 
بەپێی ئامارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ ئەیدز، ئێستا 30 ملیۆن و 700 هەزار تووشبووی ئەیدز لەژێر چارەسەردان. رێژەی مردنیش بەهۆی نەخۆشییەکەوە لە 14 ساڵی رابردوودا نزیکەی 25٪ کەمی کردووە. هەروەها زۆرترینیشیان لە باشوور و نێوەڕاستی ئەفریقان.
 
وەزارەتی تەندروستیی عێراق دەڵێت، زیاتر لە دوو هەزار تووشبووی نەخۆشیی ئەیدز هەن، پسپۆڕێکیش هۆشداری دەدات لە زیادبوونی نەخۆشییەکە.
 
د. جومانە فارس، پسپۆڕی پزیشکیی خێزانی لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نوورۆژی رووداودا گوتی، ''لە وڵاتی ئێمە ئامارەکان زۆر ورد نین، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی بەپێی توێژینەوەکان، رێژەی تووشبوون کەمترە لە ٪0.001، هەرچەندە رێژەکەی کەمە، بەڵام بەداخەوە بەرەو زیادبوون دەڕوات''.
 
بەپێی تەندروستیی جیهانی، بەکارهێنانی کۆندۆم، ئەنجامدانی سێکسی تەندروست، بەکارنەهێنانی پاشماوەی پزیشکیی پیسبوو بە ڤایرۆسەکە بەتایبەت لەو شوێنانەی کەلوپەلی یەکجاربەکارهاتوو بەکارنایەت، پشکنینی پێشوەختە و نەچوونە ئەو شوێنانەی نەخۆشییەکەی تێدا بڵاوە، رێگەی کاریگەرن بۆ بنبڕکردنی ئەیدز، چونکە بڕیارە تاوەکو 2050 نەخۆشییە کوشندەکە بنبڕبکرێت.