نەخۆشخانەی ھیوا: ئەو ئامارانەی لەبارەی شێرپەنجەوە بڵاوکراونەتەوە راست نین

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ژیڤان بەکر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئامارێکی "شۆکهێنەری زۆریی ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجە" لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوبووەتەوە و، لەلایەن نەخۆشخانەی هیوا و بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانییەوە رەتدەکرێنەوە.
 
ئەمڕۆ (دووشەممە، 22ـی تەمموزی 2024) بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی و نەخۆشخانەی هیوا رایگەیێندراوێکیان بڵاوکردەوە و تێیدا ئامارەکە رەتدەکەنەوە. 
 
دکتۆر یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ھیوا رایگەیاند "ئەو ھەواڵانەی بە ناوی پزیشکێک لە چەند پەیج و سایتێک لەسەر داتا و ئاماری شێرپەنجە بڵاوکراونەتەوە، سەرجەمیان ھەڵەن و رەتیدەکەینەوە. ھیچ پەیوەندییان بە نەخۆشخانەی ھیواوە نییە، ئەو ئامارانە ھیچ بنەمایەکی زانستییان نییە."
 
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، ئەو پەیجەی ئاماری شێرپەنجەی بە ناوی ژنە پزیشکێک بڵاوکردەوە، ساختەیە و پەیوەندی بەو پزیشکەوە نییە. پەیجەکە گوتوویەتی لە ماوەی 8 کاژێردا 900 تووشبووی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی هیوا تۆمارکراون.
 
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ھیوا گوتی "ئەو پزیشکە، ھیچ پەیوەندییەکی بە نەخۆشخانەی ھیواوە نییە؛ ئێمە ئامار تەنیا راستەوخۆ لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی و پەڕەی فەرمی نەخۆشخانەی ھیواوە بڵاودەکەینەوە."
 
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتوون، لە ساڵی 2020ـدا 6 هەزار و 293 تووشبوو، لە ساڵی 2021دا 7 هەزار و 904 تووشبوو، لە ساڵی 2022 دا 9 هەزار 61 تووشبوو و لە ساڵی رابردووش 9 هەزار و 911 تووشبووی نوێی شێرپەنجە تۆمارکراون.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە