پسپۆڕێک: دوای تەمەنی 15 ساڵی پشکنینی ئەیدز بکرێت

رووداو - تەندروستی 

پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی هەناو لەبارەی نەخۆشیی ئەیدزەوە رایدەگەیەنێت، هەرچەندە رێژەی تووشبوون تائێستا کەمە، بەڵام تووشبووانی نەخۆشیی ئەیدز لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەرەو زیادبوونە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 22ـی تەممووزی 2024 د. جومانە فارس، پسپۆڕی پزیشکیی خێزانی لە بەرنامەی نوورۆژ دا گوتی، ''لە هەندێک کەس ڤایرۆسەکە تاوەکو 10 ساڵ لە جەستەی بەبێ نیشانە دەمێنێتەوە، ئەگەریش نیشانە دەرکەوتن ئەوا سەرەتا هاوشێوەی هەڵامەت و ئەنفلەوەنزایە''.
 
لە بەشێکی قسەکانیدا ئاماژە بەوەشدەکات، ئەو ڤایرۆسە لە قۆناخە پێشکەوتووەکانیدا بەرگریی جەستەی کەسەکە کەمدەکاتەوە تاوەکو وایلێدێت کە تووشبوونی بە نەخۆشییە بەکتری و کەڕووییەکان زیاددەبن و رەنگە ببێتەهۆی شێرپەنجەش.
 
هەر بۆیە د. جومانە فارس پێشنیازدەکات، پشکنینی پێشوەختە بکرێت، بەجۆرێک لە سەروو 15 ساڵییەوە؛ جارێک پشکنین بکرێت کە ئێستا لە تاقیگەکان دەکرێت و دەستنیشانی دەکات ئەگەر کەسەکە هەڵگر یاخود تووشبوو بێت.
 
بە گوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ئێستا 39 ملیۆن تووشبووی ئەیدز لە جیهاندا هەن کە 20 ملیۆنیان خانم و 17.4 ملیۆنیش پیاوانن هەروەها منداڵانیش 1.5 ملیۆن، تەنیا لە ساڵی 2022، ملیۆنێک و 700 هەزار تووشبووی نوێ لە جیهاندا تۆمارکراون.
 
هەروەها لە ساڵی 2022، 630 هەزار کەس بەهۆی نەخۆشییە پەیوەندیدارەکان بە ئەیدزەوە گیانیان لەدەستداوە.
 
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی حکومەتی کوردستان، لە 10 مانگی یەکەمی ساڵی 2022، 72 کەیسی نوێی ڤایرۆسی ئەیدز لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون، کە زۆربەیان خەڵکی بیانی و دەرەوەی هەرێمی کوردستانن.
 
وەزارەتی تەندروستیی عێراق دەڵێت، زیاتر لە 2,000 تووشبووی نەخۆشیی ئەیدز هەن، کە حەوت لەو تووشبووانە منداڵن.