توێژینەوەیەکی نوێ: 95٪ـی تووشبووانی ئاوڵەی مەیموون بەهۆی پەیوەندیی سێکسییەوەیە

22-07-2022
هەوراز حوسێن @Hawrazkadir
نیشانەکردن ئاوڵەی مەیموون
A+ A-

رووداو - هەولێر

بەپێی گەورەترین توێژینەوە کە تاوەکو ئێستا لەسەر نەخۆشیی ئاوڵەی مەیمون کراوە دەریخستووە، 95٪ـی هۆکاری گواستنەوەی نەخۆشیی ئاوڵەی مەیموون بەهۆی پەیوەندی سێکسییەوەیە.
 
رۆژی پێنجشەممە 21-7-2022، توێژینەوەکە لە گۆڤاری ئینگلتەرای نوێ بۆ بابەتی تەندروستی بڵاوکراوەتەوە. بڵاوکردنەوەی توێژینەوەکە لە کاتێکدایە، زانایان لە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی گفتوگۆ لەبارەی راگەیاندنی نەخۆشییەکە وەکو باری لەناکاو لە جیهاندا دەکەن.
 
توێژینەوەکە لە لایەن زانایانی زانکۆی شاژنە مارییەوە لەسەر 528 تووشبوو لە 16 وڵاتی جیهان، لە نێوان 27ـی نیسان بۆ 24ـی حوزەیران کراوە. جۆن تۆرنهیڵ، نووسەری توێژینەوەکە دەڵێت: "گرنگە لەوە تێبگەین نەخۆشیی ئاوڵەی مەیمون تەنیا لەڕێگەی پەیوەندیی سێکسییەوە ناگوازرێتەوە؛ دەکرێت لە هەر نزیکبوونەوەیەکی دیکەوە رووبدات، بەڵام کارەکەی ئێمە ئەوەی دەرخستووە کە زۆربەی گواستنەوەکان بەهۆی پەیوەندی سێکسییەوە روودەدەن، بەڵام هەموویان بەهۆی جووتبوونی پیاو لەگەڵ پیاودا نییە".
 
توێژەرەکە دەڵێت، ئەو توێژینەوەیە یارمەتی زاناکان دەدات رێگەکانی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە زیاتر شارەزابن و رێگری لە بڵاوبوونەوەی خێرای نەخۆشییەکە بکەن. لێکۆڵینەوەکە دەریخستووە، 98٪ـی ئەوانەی تووشی نەخۆشیی ئاوڵەی مەیمون بوون، ئەو پیاوانەن کە هاوڕەگەزخوازن و دەریشکەوتووە 41٪یان هەڵگری ڤایرۆسی HIV بوون.
 
لە توێژینەوەکەدا باس لەوە کراوە، تەواوی ئەو کەسانەی لە توێژینەوەکەدا تۆمارکراون لەگەڵ پێنج کەس یان زیاتردا جووتبوون لەماوەی سێ مانگی رابردوودا؛ ئەمە جگە لەوەی هەندێکیان بەردەوام سەردانی ئاهەنگی سێکسکردن و ساونای هاوڕەگەزخوازانیان کردووە.
 
هەرچەندە پەیوەندیی سێکسی هۆکاری گواستنەوەی ڤایرۆسەکەن لە زۆربەی تووشبووەکاندا، بەڵام پزیشکان جەخت لەوە دەکەنەوە هەر پەیوەندییەکی دیکەی بەرکەوتن دەکرێت ببێتە هۆی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە، تەنانەت ئەگەر بەرکەوتنەکە بە جلیشەوە بێت.
 
زۆربەی تووشبووەکان ژمارەیەک نیشانەیان تێدا دەرکەوتووە کە پێشووتر نەبینراون، بۆ نموونە برینی بچووکی سەر پێست و هەڵاوسان و سووتانەوەی ناو دەم یاخود کۆم. تەواوی نیشانەکانیش هاوتای ئەو نیشانانەن کە لە نەخۆشییەکانی گوازراوەی سێکسیدا دەردەکەون.
 
بەپێی توێژینەوەکە لە سپێرمی هەر 32 کەس، کە تووشی نەخۆشییەکە بوون، 29یان ڤایرۆسەکەیان تێدایە، بەڵام هێشتا زانایان دڵنیانین کە ئایا سپێرم توانای گواستنەوەکەی هەیە یاخود نا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێر. وێنەکە تەنیا بۆ روونکردنەوە دانراوە

سەرۆکی بەشی هەناو لە نەخۆشخانەی رزگاری: هەڵە دەستنیشانکردن لە 'تای ماڵتا' زۆرە

سەرۆکی بەشی هەناو لە نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێر رایدەگەیەنێت، زۆرینەی ئەوانەی دێنە نەخۆشخانە و وادەزانن تووشبووی تای ماڵتا ''حومەی ماڵتا''ـن نەخۆشییەکەیان نییە و دەرمانی ناپێویستیان بۆ نەخۆشییەکە وەرگرتووە.