پسپۆڕێک هەموو شتێک لەبارەی منداڵی بلوورییەوە ئاشکرادەکات

رووداو - تەندروستی

پسپۆڕێکی نەخۆشیییەکانی خانمان، منداڵبوون و نەزۆکی رایدەگەیێنێت، تەمەنی گونجاو یەکێکە لە هۆکارەکانی سەرکەوتنی منداڵی بلووری، هەروەها دەڵێت: ''بەشێوەیەکی گشتی ئەنجامدانی منداڵی بلووری لە تەمەنێکی گەنجدا واتە پێش 35 ساڵی رێژەی سەرکەوتنی زیاترە''.
 
د. ئاڤان سلێمانی گەردی، پسپۆڕی نەخۆشیییەکانی خانمان، منداڵبوون و نەزۆکی تایبەت بە رووداو گوتی، زۆرینەی ئەو کەیسانەی سەردانیان دەکەن کێشەی نەزۆکییان هەیە یاخود لە تەمەنێکی گەورەدا هاوسەرگیرییان کردووە کە ناتوانن بە ئاسانی منداڵ دروستبکەن.
 
بە گوتەی ئەو پسپۆڕە، خانمانی سەروو 45 ساڵ کەمتر گونجاون بۆ ئەنجامدانی منداڵی بلووری، چونکە کوالێتیی هێلکەیان خراپ و نەگونجاوە بۆ پیتاندن.
 
دەقی وەڵامەکانی د. ئاڤان سلێمانی گەردی، پسپۆڕی نەخۆشیییەکانی خانمان، منداڵبوون و نەزۆکی لەبارەی تەکنیکی منداڵی بلووری؛
 
رووداو: تەکنیکی منداڵی بلووری In Vitro Fertilization کە ناسراوە بە IVF چییە؟
 
د. ئاڤان گەردی: تەکنیکێکی پێشکەوتووی سەردەمی ئێستایە و کۆتا و باشترین رێگە چارەسەرە بۆ کۆمەڵیک کێشەی وەکو نەزۆکی بەتایبەت پیتاندنی هێلکەی ئافرەت لەگەڵ سپێرمی پیاو کە تایبەتن بە خودی ئەو دوو هاوژینەی بڕیاری منداڵی بلووری دەدەن لە دەرەوەی منداڵدانی خانمەکە، ئەویش لەڕێگەی تاقیگەی تایبەت بە منداڵی بلووری و ئامێری پێشکەوتوو، پاشانیش هێلکە پیتراوەکە دەخرێتەوە نێو منداڵدانی دایکەکە تاوەکو ماوەکانی دووگیانی بە شێوەیەکی سرووشتی تەواو بکات.
 
رووداو: ئایا چ تەمەنێک ئاساییە بۆ منداڵی بلووری، لە گەنجیدا بکرێت باشترە یان ئاساییە سەروو 40 ساڵی بکرێت؟ هۆکارەکەش چییە؟
 
د. ئاڤان گەردی: تەمەنی گونجاو یەکێکە لە هۆکارەکانی سەرکەوتنی منداڵی بلووری، بەشێوەیەکی گشتی ئەنجامدانی منداڵی بلووری لە تەمەنێکی گەنجدا واتە پێش 35 ساڵی رێژەی سەرکەوتنی زیاترە بەراورد بە ئەنجامدانی لە تەمەنێکی گەورەتردا بەهۆی چەند هۆکارێک وەکو؛
 
1- کوالێتیی هێلکە؛ ئەو خانمانەی تەمەنیان بچووکە کوالێتیی هێلکەکانیان باشترە بۆ پیتاندن کە ئەمەش رێژەی سەرکەوتنی منداڵی بلووری زیاتر دەکات.
 
2- کێشەی تەندروستی؛ ئەو خانمانەی تەمەنیان بچووکە کێشەی تەندروستییان کەمترە بەراورد بەوانەی کە تەمەنیان گەورەیە، ئەمەش وادەکات کە دووگیانبوونێکی تەندروستتریان هەبێت و ئەگەری لەبارچوونی منداڵیان کەمببێت.
 
3- رێژەی سەرکەوتنی دووگیانی پێش تەمەنی 35 ساڵی زیاترە بەراورد بەوانەی تەمەنیان سەروو 35 ساڵەوەیە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوانەی تەمەنیان 35 بۆ 40 ساڵە توانای ئەنجامدانی منداڵی بلووریان هەیە، بەڵام رێژەی سەرکەوتن بەندە بە پێی بارودۆخیان و ئەنجامی ئەو پشکنینانەی بۆیان دەکرێت.
 
رووداو: هیچ تەمەنێک هەیە کە بۆ IVF گونجاو نەبێت یاخود کێشە بۆ کۆرپەلە دروستبکات؟
 
د. ئاڤان گەردی: بەڵێ، بەشێوەیەکی گشتی ئەو خانمانەی سەروو 45 ساڵن کەمتر گونجاون بۆ ئەنجامدانی IVF بەهۆی کۆمەڵێک هۆکار وەکو؛ 
 
1- خراپیی کوالێتیی هێلکە و نەگونجانی بۆ پیتاندن.
2- دایک لەو تەمەنە ئەگەری تووشبوونی بە نەخۆشییە درێژخایێنەکانی وەکو 'شەکرە و بەرزەپەستانی خوێن' زۆرە کە دەکرێت ببنە کێشە لەماوەی دووگیانی و منداڵبووندا.
3- ئەگەری تووشبوونی کۆرپەلە بە نەخۆشییە سکماکییەکان وەکو نەخۆشیی داون زۆرە و مەترسیی زیاتر لەسەر ناڕێکیی گەشەی ئەندامەکانی کۆرپەلە هەیە.
 
رووداو: ئەوانەی IVF دەکەن زۆرینەیان بە چ هۆکارێک منداڵیان نەبووە؟ درەنگ هاوسەرگیریان کردووە یاخود نەزۆکبوون؟
 
د. ئاڤان گەردی: کۆمەڵێک هۆکار هەن، بەڵام نەزۆکی هۆکاری سەرەکییە دوای ئەوەش هەریەک لە هۆکارەکانی وەکو 'نەبوونی بۆڕی ڤالووپ، سپێرمی سفر، کێشەی رێژە و ژمارەی سپێرم، کەمیی یەدەگی هێلکەدان، فرەکیسی سەر هێلکەدان، نەزۆکیی نادیار، تەمەنی گەورە و هاوسەرگیری لە تەمەنی گەورە.
 
رووداو: پێش ئەنجامدانی منداڵی بلووری، خانمان و پیاوان چ ئامادەکارییەک بکەن؟
 
د. ئاڤان گەردی: کۆمەڵێک رێنوێنیی هەن کە پێویستە هاوژینەکان پێوەی پابەند بن بۆ باشترکردنی ئەنجام و رێژەی سەرکەوتنی تەکنیکەکە وەکو؛
 
- ئەنجامدانی تەواوی پشکنینە تایبەتەکان بە توانای دووگیانبوون بۆ هەردوو هاوژینەکە لەلایەن پسپۆڕی تایبەتەوە وەکو 'پشکنینی هۆرمۆنەکان، سۆنار، پشکنینی سپێرم'.
 
- پابەندبوون بەو چارەسەرە تایبەتانەی لەلایەن پزیشکی پسپۆڕەوە دادەنرێن بۆ باشترکردنی ئەنجامەکانی منداڵی بلووری.
 
- باشترکردنی شێوازی ژیان وەکو 'خواردنی خۆراکی تەندروست، کێشڕێکی و دوورکەوتنەوە لە جگەرە و نێرگەلە و خواردنەوە کحولییەکان'، چونکە کاریگەریی نەرێنی لەسەر پڕۆتۆکۆڵی چارەسەرکردنەکە دروستدەکەن.
 
رووداو: ئەو منداڵەی لەڕێگەی IVF لەدایکدەبێت چ جیاوازییەکی هەیە لەگەڵ ئەو منداڵەی بە رێگەی سرووشتی دەپیتێندرێت؟
 
د. ئاڤان گەردی: بەشێوەیەکی زانستی و بەپێی توێژینەوە جیهانییەکان زۆربەی ئەو منداڵانەی لەڕێی منداڵی بلووری لەدایکدەبن جیاوازییەکی ئەوتۆیان نییە لەگەڵ ئەو منداڵانەی بە رێگەی سرووشتی لەدایکدەبن، چونکە کۆرپەلە لەنێو منداڵدانی دایکی بە شێوەیەکی سرووشتی سووڕەکانی دووگیانی تەواودەکات و گەشەدەکات.
 
تاکە جیاوازییەکە ئەوەیە کە ئەو خانمانەی منداڵی بلوورییان بۆ دەکرێت پێویستە لەماوەی دووگیانیدا بەدواداچوونی وردتر و تایبەتتر بکەن تاوەکو کاتی منداڵبوون.
 
رووداو: رێنوێنیت چییە بۆ خانمان تاوەکو بە دروستی منداڵیان ببێت و  وەچەیەکی تەندروست بخەنەوە؟
 
د. ئاڤان گەردی: بە دەرفەتی دەزانم چەند رێنوێنییەک بە هاوژینان بدەم لەبارەی مەرجەکانی بوونی وەچەی تەندروست وەکو؛
 
- پابەندبوون بە سەردانکردن و راوێژی پزیشکی پسپۆڕ بۆ بەدواداچوونی پزیشکی و دڵنیابوونەوە لە تەندروستی و گەشەی کۆرپەلە.
 
- خواردنی خۆراکی تەندروست و دوورکەوتنەوە لە خۆراکە خێراکان.
 
- وەرگرتن و پابەندبوون بە بەکارهێنانی ئەو تەواوکەرە خۆراکییانەی کە پێویستن بۆ کاتی دووگیانبوون کە لەلایەن پزیشکی پسپۆڕەوە پێشنیاز دەکرێن بەتایبەت دەنکۆڵەی فۆڵیک ئەسید.
 
- ئەنجامدانی چالاکیی جەستەیی و جووڵەی رۆژانە بەتایبەت بۆ خانمانی دووگیان (دوای راوێژ بە پزیشک).
 
- دوورکەوتنەوە لە کێشانی جگەرە و نێرگەلە و دوورکەوتنەوە لە مادە کحولی و هۆشبەرەکان، هەروەها کەمکردنەوەی کافایینەکان وەکو چا و قاوە.
 
- کەمکردنەوەی دوودڵی و دڵەڕاوکێ لەماوەی دووگیانیدا.
 
- رێکخستنی کاتی خەو.