توێژینەوەیەک: هەموو جۆرەکانی قاوە رۆڵیان هەیە لە پاراستنی جگەر

رووداو- دیجیتاڵ

توێژینەوەیەکی نوێ دەریخستووە خواردنەوەی قاوە بە هەموو جۆرەکانییەوە مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەکانی جگەر کەمدەکاتەوە.


بەگوێرەی توێژینەوە نوێیەکە کە لەلایەن پزیشکانی بەریتانی لە زانکۆی ساوتھامپتن ئەنجامدراوە قاوە بە هەموو جۆرەکانییەوە بۆ پاراستنی جگەر بەسوودە.

پزیشکە بەریتانییەکان لە توێژینەوەکە ئاماژە بە زیادبوونی حاڵەتەکانی شێرپەنجەی جگەر دەکەن و رایدەگەیێنن ئێستا تووشبوون بە شێرپەنجەی جگەر زیادیکردووە و بەشێک لە هۆکارەکانیش بریتین لە قەڵەوی، شەکرە، جگەرەکێشان، هەوکردنی جگەر بە ڤایرۆس.

د. ئۆلیڤەر کێنێدی، سەرپەرشتیاری سەرەکی توێژینەوەکە لە زانکۆی ساوتھامپتن دەڵێت، قاوە خواردنەوەیەکی بەردەستە و سوودی زۆریشی هەیە بۆ جگەر ئەمەش بەتایبەت بۆ ئەو وڵاتانە کە خەڵکەکەی هەژارن و دەستگەیشتن بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان ئاسان نییە دەتوانن لە رێگەی تەندروستکردنی شێوازی ژیانیان ئاگاداری دۆخی تەندروستییان بن.

توێژینەوە بەریتانییەکە بەدواداچوونی بۆ داتای تەندروستیی 494.585 بەریتانی کردووە، بۆیان دەرکەوتووە ئەوانەی رۆژانە بایەخیان بە خواردنەوەی قاوە داوە بەشێوەیەکی گشتی جگەریان تەندروست بووە.

پزیشکە بەریتانییەکان روونیدەکەنەوە لەنێو قاوەدا دوو دژەئۆکسێن هەن کە پێیان دەڵێن (کاهوێل و کافێستۆڵ) ئەم دوو ماددە دژەئۆکسێنە هەوکردن لە جەستەدا کەمدەکەنەوە، بەمەش مەترسیی تووشبوون بە سستبوونی دڵ، نەخۆشیی شەکرە، پارکینسۆن، شێرپەنجەی پرۆستات، نەخۆشیی ئەڵزهایمەر و شێرپەنجەی پێست کەمدەکاتەوە.