رووداو - تەندروستی
لە راپۆرتێکی رووداودا پسپۆڕان ئاشکرایان کردووە، زۆرینەی خەڵک لە نۆرینگە لاکۆڵانەکان بەهەڵە دەرمانیان دەدرێتێ بەتایبەت دژەبەکتریاکان و ئەمەش دووچاری مەترسیی جیدیان دەکات، سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای کارمەندانی تەندروستی رایدەگەیێنێت، کردنەوەی بنکەی تەندروستیی 24 کاژێری، رێگەیەکی کەمکردنەوەی نۆرینگە لاکۆڵانەکانە.
ئەمڕۆ سێشەممە 22-4-2025 شاخەوان سەلیم، سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای کارمەندانی تەندروستی بە رووداوی راگەیاند، بەهۆی نەبوون و دواکەوتنی مووچەوە ئەو فەرمانبەرانەی کەرتی تەندروستی کە یاریدەری پزیشکن ناچارن کە پەنا بۆ کردنەوەی نۆرینگەکان ببەن.
شاخەوان سەلیم روونی دەکاتەوە، زۆرینەی ئەوانەی نۆرینگە لاکۆڵانەکانیان کردووەتەوە کارمەندی تەندروستین کە بڕوانامەکەیان رێگەپێدراوە بۆ ئەو کارە و بەشێکیشیان دانەمەزراون بەڵام بەپێی ئەزموون و مەرج نۆریگەیان کردووەتەوە، هاوکات ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو دەرمانانە رێگە پێدراون بیانفرۆشن کە لە بنکە تەندروستییەکان بەیانیان ئاساییە بیدەن بە نەخۆش.
ئەوەشی باسکرد، لە سنووری هەولێر نزیکەی 400 نۆرینگەی لاکۆڵان هەن و لەژێر چاودێریی سەندیکان و پێویستە هەمووشیان مەرجەکانی سەندیکا جێبەجێبکەن، هەروەها ''بەهیچ شێوەیەک نابێت دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان و دەرمانەکانی رێگری لە منداڵبوون و دژەبەکتریا تووندەکان بەکاربهێنن''.
شاخەوان سەلیم دەڵێت: ''پێشنیازمان بۆ سەنیدیکای دەرمانسازان کردووە کە ئەو کارمەندە تەندروستییانەی نۆرینگەیان هەیە، مۆڵەتیان پێبدرێت کە لە دەرمانخانە و نەخۆشخانە تایبەتەکان کاربکەن و نۆرینگەکان کەم ببنەوە''.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ