وەزارەتی تەندروستی: بەبێ بەڵگەی زانستی نابێت نەشتەرگەریی منداڵبوون لە رێکەوتە جوانەکاندا بکرێت

22-03-2023
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئاگاداریی سەرجەم نەخۆشخانە گشتی و تایبەتەکان دەکاتەوە، بەبێ بەڵگەی پزیشکی نەشتەرگەری بۆ منداڵبوون لە رێککەوتە جوانەکان وەکو 23-3-2023 نەکەن، بەپێچەوانەوە لێپێچینەوەی یاساییان لەگەڵدا دەکرێت. 
 
لە راگەیێندراوێکدا کە رێکەوتی 20ـی ئاداری لەسەرە و ئەمڕۆ 22ـی ئادار بڵاوکراوەتەوە، وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، تێبینییان کردووە بۆ رێکەوتە جوانەکان لە نموونەی 3-3-2023 پەلەکردن یان دواخستن بۆ منداڵبوونی ئافرەتانی دووگیان دەکرێت لەسەر داوای ئافرەتی دووگیان نەشتەرگەریی خێرا دەکرێت.
 
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، لەپێناو بەرژەوەندی و سەلامەتیی دایکان و منداڵانی تازە لەدایکبوو، ئاگاداری سەرجەم نەخۆشخانەکانی کەرتی گشتی، تایبەت و پزیشکان دەکەنەوە، بۆ رێگریکردن لە نەشتەرگەریی خێرا بۆ منداڵبوون یان دواخستنی کاتی لەدایکبوون پشت بە بەڵگەی پزیشکی و کلینیکی پێویست ببەستن؛ "بە پێچەوانەوە پزیشکی بەرپرس و نەخۆشخانە رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەبنەوە بۆ هەر گرفت و ئاڵۆزکارییەک". 
 
دکتۆر ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری تەندروستیی هەڵەبجە ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، پێشتریش لەسەر داوای ئافرەتی دووگیان لە هیچ نەخۆشخانەیەکدا رێگەنەدراوە نەشتەرگەریی خێرا بکرێت. گوتیشی: "لە هەموو هەرێمی کوردستان بۆ لەدایکبوون لە نەخۆشخانەی گشتی بە نەشتەرگەری دەبێت لیژنەی پزیشکی بڕیاری لەسەر بدات، کە لە هەموو شارێکدا لیژنەکە هەیە و کەمترنین لە سێ پزیشکی ژنان و ئەوان بڕیاری کۆتایی لەبارەوە دەدەن".
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری تەندروستیی هەڵەبجە؛ نەشتەرگەریی خێرا بۆ لەدایکبوون لە رێکەوتە جوانەکان زیاتر لە نەخۆشخانە تایبەتەکان دەکرێت. دەشڵێت، داتای نەخۆشخانە تایبەتەکان نادرێنە تەندروستی و کەرتی گشتی بۆ ئەوەی رێگری لەو نەشتەرگەرییانە بکرێت؛ بۆیە پێیوایە "ئەوە گەورەترین زیانی بە کەرتی گشتیی تەندروستی گەیاندووە، کە پزیشکان دەچنە نەخۆشخانە تایبەتەکان و بە ئارەزووی خۆیان نەشتەرگەی دەکەن، بەبێ ئەوەی تەندروستی بزانێت لە نەخۆشخانەیەکی ئەهلیدا چەند نەشتەرگەری کراوە و چ پزیشکێک کردوویەتی".
 
لەو رێکەوتانەی ژمارەکانیان نزیکە لەیەکەوە، هاوشێوەی سبەی کە 23-3-2023یە، لە هەرێمی کوردستان منداڵێکی زۆر بە نەشتەرگەری لەدایک دەبن.
 
پزیشکان جەخت لەوە دەکەنەوە، کە ناکرێت بەبێ بەڵگەی پزیشکی نەشتەرگەریی بۆ لەدایکبوونی منداڵ بکرێت و کاتەکەی پێشبخرێت، کە هەندێک جار دەبێتە هۆکاری لەدایکبوونی منداڵی ناکام؛ یان لەبارچوون، یان مردنی منداڵ دوای لە دایکبوونی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە