رووداو- هەولێر
پسپۆڕانی خۆپاراستنی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان داوادەکەن رۆڵیان پێبدرێت، لە نەخۆشخانەکان دابمەزرێندرێن و بەشداربن لە هەڵمەتی خۆپارێزی و رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
دیلمان دڵشاد کە پسپۆڕی خۆپاراستنە و نوێنەری پسپۆڕانی خۆپاراستننە لە هەرێمی کوردستان دەڵێت: "ژمارەمان زیاتر لە 250 دەرچووی تەندروستی کۆمەڵگەیە، ماوەی چوار ساڵە دەرچووین و هیچ رۆڵێکمان پێنەدراوە و دانەمەزرێندراوین، هیوادارین هەرچی زووە دابمەزرێندرێین و بەشێك بین لە سەربازانی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا".
نوێنەری پسپۆڕانی خۆپاراستن دەڵێت هەمووان دەزانن بەهێزترین چەکی دژی کۆرۆنا بریتییە لە خۆپارێزی، وەک پسپۆڕی خۆپاراستن دەبێت گرنگترین رۆڵیان پێبدرێت و لە نەخۆشخانەکان بەشداربن لە رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهاندا بەخێرایی بڵاودەبێتەوە، زیاتر لە 308 هەزار کەس تووشبوون، زۆرتر لە 13 هەزار تووشبوو لە جیهاندا گیانیان لەدەستداوە.
دەقی بەیاننامەی پسپۆرانی خۆپاراستن
بەڕێزان..
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان
پارێزگارانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە
بەڕێوەبەرە گشتییە بەڕێزەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، راپەڕین و هەڵەبجە
ئێمە وەک پسپۆڕانی خۆپاراستن لە پارێزگاکانی (هەولێر، سلیمانی، دهۆک، هەڵەبجە و راپەڕین) کە ژمارەمان زیاتر لە 250 دەرچووی تەندروستی کۆمەڵگەیە، لە سۆنگەی هەستکردنمان بە بەرپرسیارییەتی و هەستیاری دۆخی تەندروستی هەرێمی کوردستان، لەم کاتەدا کە هەموو جیهان تووشی بەڵایەکی گەورەی دژی تەندروستی بووەتەوە کە کۆرۆنایە و باشترین چەکی دژی ڤایرۆسەکە خۆپارێزییە، دەمانەوێت بێینە نێو کایەی خزمەتکردن بە هاونیشتمانییانی خۆمان و بەشداربین لەم جەنگەی دژی ئەم ڤایرۆسە کوشندەیە.
داواکارین لە بەڕێزتان رێگەمان پێبدەن وەک شارەزاترین کەس لە بوارەکە کە پسپۆڕیمان خۆپارێزییە، بێنە سەر هێڵ و هاوکاربن لەگەڵمان بۆ ئەوەی دەست بە کارکردن بکەین لە بواری هۆشیاری تەندروستی، خۆپارێز و کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییە گوازراوەکان لە نەخۆشخانەکان.
ئێمە ماوای ٤ ساڵە دەرچووین لە کۆلێژ، بەڵام هیچ گرنگی بە تواناکانمان نەدراوە و دانەمەزراوین، داواکارین لەم دۆخەی ئێستادا ئێمە وەک دەرچووانی خۆپارێزی بهێنە نێو جەنگەکە، دابمەزرێندرێین و رۆڵمان پێبدرێت لە رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بۆ ئەوەی پێکەوە بە سەرکەوتووانە و بە کەمترین زیانی گیانی ئەم دۆخە تێبپەڕێنین.
250 پسپۆڕی خۆپاراستنی تەندروستی
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ