سەنتەری نیشتمانیی شێرپەنجە لە رووسیا بۆ رووداو: ساڵی داهاتوو ڤاکسینی شێرپەنجە تاقیدەکەینەوە

رووداو - تەندروستی

پسپۆڕێکی سەنتەری نیشتمانیی بڵۆخینی تایبەت بە چارەسەر و توێژینەوەیە لەسەر شێرپەنجە لە رووسیا قسە بۆ رووداو دەکات و دەڵێت: هەوڵی جیدی هەیە بۆ دروستکردنی ڤاکسینی شێرپەنجە و ساڵی داهاتوو دەستدەکەن بە تاقیکردنەوە کلینیکییەکانی ڤاکسینی شێرپەنجە.
 
د. پێترۆڤسکی ئەلێکساندەر، بەڕێوەبەری بەشی شێرپەنجە و مامۆگرافی لە سەنتەری نیشتمانیی بڵۆخین لە رووسیا دەڵێت: ''کار لەسەر دوو میکانیزم بۆ ڤاکسینی شێرپەنجە دەکەین و ئەنجامەکانمان ئەرێنین بۆ دروستکردنی یەکەم ڤاکسینی شێرپەنجە''.
 
لە بەشێکی هەڤپەیڤینەکەدا د. پێترۆڤسکی ئەلێکساندەر گوتی، لە رووسیا شێرپەنجەی کۆڵۆن و رێکە لەنێو خانمان و پیاوان بەربڵاون و باسی شێرپەنجەکەی ئەنجلینا جولیش دەکات کە چ گۆڕانکارییەکی بۆ ئەوان دروستکردووە.
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ د. پێترۆڤسکی ئەلێکساندەر، بەڕێوەبەری بەشی شێرپەنجە و مامۆگرافی لە سەنتەری نیشتمانیی بڵۆخین؛
 
رووداو: دکتۆر پێترۆڤسکی سڵاوت لێبێت و زۆر سوپاس کە لەگەڵمانی لە تۆڕی میدیایی رووداو، سەنتەرەکەتان وەکو سەنتەرێکی پێشەنگی تایبەت بە شێرپەنجە لە رووسیا، ئایا هیچ بەرەوپێشچوونێک هەیە بۆ ڤاکسینی شێرپەنجە، کە ئێستا مژارێکی سەرەکیی جیهانییە؟
 
د. پێترۆڤسکی ئەلێکساندەر: لەڕاستیدا ڤاکسین یەکێكە لەو مادانەی زۆرترین چاوەڕوانی بۆی هەیە لەلایەن زاناکان، چەندین تاقیگەی جیاواز و چەندین زانا کە لەسەر ئەو پڕۆژەیە کاردەکەن لە سەرانسەری جیهاندا و دەیانەوێت ڤاکسین بۆ چەندین جۆری شێرپەنجە بەکاربهێنن. بەگشتی ڤاکسینەکان دەتوانن سیستمی بەرگریی جەستە کارا و بەهێزبکەن، کە ئێستا یەکێكە لە چارەسەرە بەربڵاوەکان لە بواری چارەسەری شێرپەنجە. چەند ساڵێك لەمەوبەر، فایزەر لەبواری چارەسەر بە بەهێزکردنی سیستمی بەرگریی جەستە خەڵاتی نۆبڵی وەرگرت، ڤاکسینەکان یەکێكن لەم جۆرە چارەسەرانە، چەندین جۆری ڤاکسین هەن؛ ڤاکسینەکانی خانەی دێندرەتیک یەکەم جۆری ڤاکسینن کە بۆ چارەسەری خانە شێرپەنجەییەکان بەکاردێن، دووەم جۆری ڤاکسینەکان، ڤاکسینی پێپتایدەکانە، ئەو ڤاکسینە دروستکراوە لە دژە پەیداکەرە نوێیەکان کە لەنێو گرێیە شێرپەنجەییەکاندا دروستدەبن، ئەم ڤاکسینە وا بەرهەمدێت بتوانێت دژەپەیداکەری گرێیەکە بناسێتەوە و دیاریبکات کامیان شێرپەنجەییە و ڤاکسینی پێپتایدی بۆ ئەم جۆرە تایبەتەی دژەپەیداکەری شێرپەنجەکان لێدروستبکرێت، ئەمەش رەنگە بۆ چەند جۆرێكی شێرپەنجە بەکاربێت، چونکە نموونەی نەخۆشێك وەردەگیرێت و دواتر ڤاکسینی لێ بەرهەمدەهێندرێت.
 
رووداو: رووسیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە لە ساڵی 2008 هەواڵی دۆزینەوەی ڤاکسینێکی لێ بڵاوبووەوە کە بۆ شێرپەنجەی گورچیلە بەکاردەهات، ئایا ئەو ڤاکسینە بە کوێ گەیشت؟ 
 
د. پێترۆڤسکی ئەلێکساندەر: بەڵێ، ئەوە چیرۆکی دێندرەتیک ڤاکسین بوو، ئەوە بۆ هەموو تووشبوویێکی شێرپەنجەی گورچیلە نەبوو، بەڵکو ئەمە بۆ چەند نەخۆشێكی تایبەت بوو، ئێستا ئێمە دێندرەتیک ڤاکسین بۆ شێرپەنجەی پێست، شێرپەنجەی گورچیلە، شێرپەنجەی مەمک و چەندین جۆری دیکە بەکاردێنین، ئێستا بەم ڤاکسینی دێندرەتیکە زیاتر لە 20 شوێنی جیاوازی جەستە چارەسەر دەکەین، بەڵام بەداخەوە وەکو باسم کرد، دروستکردنی ئەم ڤاکسینە ئاسان نییە، دروستکردنی ئەم ڤاکسینە کاتی دەوێت، هەموو نەخۆشێكیش ئەم کاتەی نییە، چونکە دروستکردنی ئەم ڤاکسینە لانیکەم 2-3 مانگی دەوێت، هەروەها ئەم جۆرە چارەسەرە بەشێوەی رۆتین بەکارنایەت، دەبێت نەخۆشەکە لە تاقیگەوە نزیک بێت لەکاتی دروستکردنی ئەم ڤاکسینە، بۆیە پێویست بوو بیر لە بەرهەمهێنانی جۆری دیکەی ڤاکسین بکەینەوە.
 
رووداو: پێشبینیدەکەن چەند ساڵی دیکە ڤاکسینی شێرپەنجە بدۆزرێتەوە؟
 
د. پێترۆڤسکی ئەلێکساندەر: ئێستا تاقیکردنەوەکانی قۆناخی پێش کلینیکیمان تەواو کردووە و پێموایە لە ساڵی داهاتووەوە ئامادەدەبین بۆ دەستکردن بە ئەنجامدانی تاقیکردنەوە کلینیکییەکان لەسەر ڤاکسینی پێپتاید، هەروەها ئەو ڤاکسینەی ئێستا لە سەنتەرەکەمان تاقیکردنەوەی لەسەر دەکەین و بەرهەممان هێناوە لە قۆناخی پێش کلینیکیدایە، هەمان تەکنیکی ڤاکسینی RNAـیە کە بۆ کۆرۆنا بەکاردەهات.
 
رووداو: لە رووسیا بەربڵاوترین شێرپەنجە لەنێو خانمان و پیاوان چییە؟
 
د. پێترۆڤسکی ئەلێکساندەر: باوترین شێرپەنجە لە رووسیا شێرپەنجەی مەمک، شێرپەنجەی سییەکان، شێرپەنجەی کۆڵۆن و رێکە، شێرپەنجەی پڕۆستات و شێرپەنجەی گورچیلەیە، ئەم شێرپەنجە جیاوازانە زۆرینەن لە خانمان و پیاوان، بەڵام لەنێو خانمان، شێرپەنجەی مەمک و شێرپەنجەکانی کۆئەندامی زاوزێ باون و لەنێو پیاوانیش شێرپەنجەی پڕۆستات باوترینە.
 
رووداو: بە گوێرەی ئەو تووشبووانەی کە سەردانتان دەکەن، ئەو هۆکارە باوە چی بووە کە لە مێژووی خێزانیی زۆرێک لە تووشبووانی شێرپەنجە هەبووە و نزیکبووبێت لەوەی کە بڵێن ئەوە هۆکاری شێرپەنجەکەیە؟ 
 
د. پێترۆڤسکی ئەلێکساندەر: چەند شێرپەنجەییەک لەنێو خێزانەکان لە رووسیا هەن، باوترینیان دەکرێت شێرپەنجەی مەمک و شێرپەنجەی هێلکەدان کە پەیوەندییان بە بازدانی بۆماوەیی لە جینەکانی 'brca 1 و brca 2' 'بڕکا یەک و بڕکا دوو' هەیە، ئەم جۆرە لە بازدان زیاتر ناسرا لەدوای بڵاوبوونەوەی چیرۆکی شێرپەنجەکەی ئەنجلینا جولی کە هەندێك نەشتەرگەریی خۆپارێزی ئەنجامدان بەهۆی ئەم جۆرە لە بازدان لە جەستەیدا، ئێستا دەتوانین ئەو بازدانە بۆماوەییە لەنێو 5٪ بۆ 10٪ـی تووشبووانی شێرپەنجەی مەمک دەستنیشانبکەین کە ساڵانە هەزاران تووشبوو دەگرێتەوە، هەروەها ئەم بازدانە بۆماوەییە لەنێو تووشبووانی شێرپەنجەی پڕۆستات و پەنکریاسیشدا بدۆزرێتەوە. 
 
رووداو: ئێوە چۆن رێنوێنیی هاووڵاتییان دەکەن بۆ خۆپاراستن لە شێرپەنجە؟
 
د. پێترۆڤسکی ئەلێکساندەر: لە رووسیا چەند پڕۆگرامێک بۆ پشکنینی پێشوەختە هەیە کە دەوڵەت دایمەزراندوون و پارەیان بۆ دابیندەکات، ئێمە پڕۆگرامی پشکنینی پێشوەختەمان بۆ شێرپەنجەی مەمک و شێرپەنجە ملی منداڵدان هەیە بۆ خانمان، هەروەها بۆ پیاوانیش پشکنینی پێشوەختەمان بۆ شێرپەنجەی پڕۆستات هەیە و بۆ هەردوو رەگەزەکەش پشکنینی پێشوەختە بۆ شێرپەنجەی کۆڵۆن و رێکە بەردەستە، هەروەها ئێمە بیردەکەینەوە کە باشترە پڕۆگرامێکێکی بەهێز بۆ پشکنینی پێشوەختەی شێرپەنجە سییەکانیشدا دابنرێت بەتایبەت لەنێو پیاوانی جگەرەکێش، هێندە ئاسان نییە هەموو کەسێک بانگبکەین و پشکنینی پێشوەختەی بۆ بکەین.
 
رووداو: ئایا حکومەتی رووسیا هیچ پشکنینێکی پێشوەختەی شێرپەنجەی کردووە بە رۆتین؟ یاخود چۆن هانی هاووڵاتییان دەدات بۆ ئەنجامدانی پشکنینی پێشوەختە؟
 
د. پێترۆڤسکی ئەلێکساندەر: ئێستا رۆژێکی زیادی پشوومان هەیە بۆ هەموو ئەو هاووڵاتییانەی کە دەیانەوێت پشکنینی پێشوەختە بکەن، نەک تەنیا بۆ شێرپەنجە، بەڵکو بۆ پشکنینی پێشوەختەی نەخۆشییەکانی دڵ و شەکرەش، ئەمە یەکێكە لەو رێگەیانەی کە حکومەت بۆ هاندانی هاووڵاتییان لە پشکنینی پێشوەختە گرتوویێتییە بەر، هەروەها هەندێک یەکەی پزیشکی لە فرۆشگە و پارکەکان هەن تاوەکو خەڵک لەکاتی زیادەی خۆیان لەو شوێنانە کاتێک پشوو وەردەگرن، بەشێک لە کاتیان تەرخانبکەن بۆ تەندروستیان.
 
رووداو: دەمەوێت دوایین گوتەی بەڕێزتان وەربگرم و بزانم کە چی دەڵێن بە تووشبووانی شێرپەنجە کە ئێستا تەماشای تۆ دەکەن؟
 
د. پێترۆڤسکی ئەلێکساندەر: من چەند پەیامێکم هەن، پەیامی یەکەمم بۆ کەسانی تەندروستە؛ باشترە راوێژ بە پزیشک بکەن لەوکاتەی کە هیچ کێشەیەکی تەندروستییان نییە و پشکنینی جەستەیان بکەن، هەروەها بایەخیش بە پشکنینە پێشوەختەکان بدەن، بۆ ئەوەی ئەگەر شێرپەنجە هەبوو لە قۆناخە سەرەتاییەکان دەستنیشانبکرێت. پەیامی دووەمم بۆ تووشبووانی شێرپەنجەیە؛ کە شێرپەنجە نەخۆشییە، شتێکی ئەوەندە ترسناک نییە کە ژیانت بخاتە مەترسییەوە، زۆرینەی شێرپەنجەکان چارەسەر و بنبڕ دەکرێن ئەگەر لە قۆناخە سەرەتاییەکان و تەنانەت ئەگەر لە قۆناخە پێشکەوتووەکانیش دەستنیشانبکرێن. ئێستا کۆمەڵێک چارەسەری جیاوازمان هەن، بۆ چارەسەری شێرپەنجە و مانەوەیان لە ژیاندا، هەروەها بە کوالێتییەکی باشی ژیان، بۆیە مەترسن و بڕۆن بۆلای پزیشک، بڕۆنە سەنتەرەکانی شێرپەنجە بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست بۆ ئەم نەخۆشییە.
 
رووداو: زۆر سوپاس دکتۆر پێترۆڤسکی، سوپاس بۆ ئامادەبوونت.