رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی پزیشکیی فریاکەوتن لە زانکۆی هەولێری پزیشکی رایدەگەیێنێت، پێویستە هاووڵاتییان هۆشیار بکرێنەوە لە چۆنیەتی رووبەڕووبوونەوە و مامەڵەکردن لەگەڵ رووداوە نەخوازراوەکان.
رۆژی چوارشەممە 22-2-2023 دکتۆر سۆران ئەحمەد، پسپۆڕی پزیشکیی فریاکەوتن لە کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی هەولێری پزیشکی بە ئامادەبوونی دکتۆر و مامۆستاکانی کۆلێژەکە سیمینارێکی لەبارەی 'خۆ ئامادەکردن بۆ رووداوی نەخوازراو و وەڵامدانەوەی خێرا' پێشکێشکرد و مەبەستی سەرەکیش تاوتوێکردن و روونکردنەوەی مەرجەکانی سەلامەتی و خۆئامادەکردن بوو لەبارەی رووداوە لەناکاوەکان.
دکتۆر سۆران ئەحمەد، پسپۆڕی پزیشکیی فریاکەوتن و ئەندامێکی نێردراوی تیمی فریاگوزاریی هەرێمی کوردستان بۆ ئیسڵاحییە باس لە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ رووداوە نەخوازراوەکانی وەکو 'لافاو، ئاگرکەوتنەوە، بوومەلەرزە و تەقینەوە' دەکات و دەڵێت: ''بوومەلەرزەکانی تورکیا وایان کردووە کە هاووڵاتییان زیاتر جەخت لە رێگەکانی خۆپارێزی و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ رووداوەکاندا بکەن.''
پسپۆڕەکەی فریاکەوتن مەبەستە گرنگەکەی سیمینارەکە دەخاتەڕوو و دەڵێت: گرنگە تیمەکانی تەندروستی بتوانن بە کاریگەرترین شێوە مامەڵە لەگەڵ رووداوە نەخوازراوەکاندا بکەن، جەختیش لەوە دەکاتەوە کە پێویستە باشترین و زانستیانەترین رێنوێنیی تەندروستی بۆ قوربانییان و زیانلێکەوتووانی رووداوەکان جێبەجێبکەن.
سەبارەت بە مامەڵەکردنی تاک لە رووبەڕووبوونەوەی رووداو و پێشهاتەکاندا، دکتۆر سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، مرۆڤ دەبێت بیر لەوە بکاتەوە کە هەموو کاتێک لە ئامادەباشیدابێت، بەجۆرێک خۆراکی پێویست کۆگابکرێت یاخود شوێنی سەلامەت و گونجاو لەکاتی رووداوە نەخوازراوەکاندا پەنایان بۆ ببرێت.''
هاوکات پسپۆڕەکە داوادەکات، ''بایەخی زیاتر بە پزیشکیی فریاکەوتن بدرێت و مەرجەکانی فریاگوزاری لە نێوەندە ئەکادیمییەکانی خوێندن بۆ قوتابی و مامۆستایان باسبکرێن تاوەکو هاووڵاتییانیش بتوانن پێش ئەوەی رووداوەکانیان بەسەردابێت خۆیان ئامادەبکەن و کەمترین زیانیان بەربکەوێت.''
د. دەشتی بوستانی، راگری کۆلێژی پزیشکی لە زانکۆی هەولێری پزیشکی لەبارەی گرینگیی سیمینارەکەوە گوتی، ''گرنگیی سیمینارەکە لەوەدایە کە بتواندرێت بارودۆخێکی لەبار و گونجاو بۆ هاووڵاتییان بڕەخسێندرێت و پزیشکی فریاکەوتن هۆکارێک بێت بۆ کەمکردنەوەی زیانی رووداوەکان، تەنانەت لە کاتی جەنگیشدا پێویستە پزیشکیی فریاکەوتن پشتی پێببەسترێت.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ