لە زامبیا زیاتر لە 10 هەزار هاووڵاتیی تووشی کۆلێرابوون؛ 400ـیان گیانیان لەدەستداوە
رووداو - تەندروستی
لە زامبیا زیاتر لە 10 هەزار هاووڵاتیی تووشی کۆلێرابوون؛ بەهۆیەوە 400یان گیانیان لەدەستداوە و بەرپرسانیش داوای بە هاناوەهاتن و هاوکاری دەکەن.
بەرپرسانی حکومەتی زامبیا چەند رێکارێکیان بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری نەخۆشییەکە گرتووەتەبەر؛ لەوانەش داخستنی قوتابخانەکان، کوتانی خەڵک و دابەشکردنی ئاوی پاک.
سیلڤیا ماسیبۆ، وەزیری تەندروستیی زامبیا دەڵێت: "کاتی پەنجە راکێشان بۆ یەکتری و تۆمەتبارکردنی یەکتری نییە بەوەی بۆ و کێ چی نەکردووە، کاتی پاڵپشتیکردنی یەکدییە بۆ ئەوەی مردن کەمبکەینەوە. تکایە با وەکو یەک نەتەوە کاربکەین."
بە گوتەی پزیشکان، ئەوانەی تووشی کۆلێرابوون گیرۆدەی وشکبوونەوەی جەستەن و بەهۆیەوە گیانلەدەستدەدەن، کێنێدی چیکێندا، پزیشکێکی ئەو وڵاتەیە و دەڵێت: "لە راستیدا، ئاڵنگاریی گەورە ئەوەیە کە نەخۆشەکان درەنگ دێن. کاتێک دێن کە زۆر جەستەیان وشکبوونەتەوە. تاوەکو چارەسەری پێویستیان بۆ دەکەین زیاتر وشک دەبنەوە و نزیک دەبنەوە لە مردن."
بە گوێرەی نەتەوەیەکگرتووەکان، ساڵانە نزیکەی چوار ملیۆن کەس تووشی کۆلێرا دەبن، هەروەها خۆراک یاخود خواردنەوەیەکی پیسبووە هۆکاری تووشبوونن.