لە ئوسترالیا توێژەران چارەسەرێک بۆ لەنێوبردنی خانە شێرپەنجەییەکان پێشنیازدەکەن
رووداو - تەندروستی
زانکۆی نیشتمانیی ئوسترالیا دەریدەخات، پێکهاتەیەکی خانە شێرپەنجەییەکان بەشدارە لە ناچالاککردنی بەرگریی جەستە، هاوکات پێشنیازی رێگەیەک بۆ لەنێوبردی خانە شێرپەنجەییەکان دەکات.
توێژینەوەکە لە گۆڤاری نەیچەری بایۆلۆژی بڵاوکراوەتەوە و توێژەرانی زانکۆکە دەریدەخەن، پێکهاتەیەکی پڕۆتینی بەناوی مێنین رۆڵی هەیە لە لاوازکردنی بەرگرییە خانەکان تاوەکو خانە شێرپەنجەییەکان نەناسێتەوە.
پڕۆفیسۆر مارک داونسۆن، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: ''خانە شێرپەنجەییەکان توانایان هەیە بەرگریی جەستە لاواز بکەن بۆئەوەی نەناسرێنەوە و هێرشیان نەکرێتەسەر''، هەروەها دەشڵێت: سەرئەنجامی توێژینەوەکەش ئاشکرای دەکات کە چۆن بتواندرێت بەرگرییە خانەکان دژی شێرپەنجە چالاکتر و بەهێزتر بکرێنن، هاوکات رێگری لەو هۆکارانەش بکرێت کە شێرپەنجەکە دەشارنەوە.
سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە روونیدەکاتەوە، دروستکردنی دەرمان دژی پڕۆتینی مێنین بۆ شێرپەنجەی سییەکان کاریگەریی زۆری دەبێت و یارمەتی بەرگریی جەستەی کەسی تووشبوو دەدات بۆئەوەی خانە شێرپەنجەییەکان بدۆزێتەوە و لەنێویان ببات.
لەکۆتاییدا پڕۆفیسۆر مارک رایدەگەیێنێت، لە هەوڵدان بۆ بەرهەمهێنانی دەرمانێکی کاریگەر تاوەکو پڕۆتینی مێنین ناچالاکبکات، هەروەها دەڵێت: بەزووترین کات لە تاقیکردنەوە پزیشکییەکاندا بۆ شێرپەنجەی سییەکان و خوێن بەکاری دەهێنین.