ناوەندی کلیڤلاند لە ئەمریکا: میوزیک دڵەڕاوکێ و ئازاری تووشبووانی شێرپەنجە کەمدەکاتەوە

رووداو – تەندروستی 

زانکۆی ناوەندی پزیشکیی کلیڤلاند لە توێژینەوەیەکدا رایدەگەیێنێت، میوزیک دەتواندرێت بۆ کەمکردنەوەی ئازار و دڵەڕاوکێی تووشبووانی شێرپەنجە بەکاربێت، بەتایبەت ئەوانەی تووشبووی شێرپەنجەی خوێنن. 
 
توێژەرانی توێژینەوەکە زانیارییەکانی ئەو تووشبووانەیان بەکارهێناوە، کە لەماوەی ساڵانی نێوان 2017 بۆ 2020  چارەسەری میوزیکییان بۆدەکرا و دەرکەوت، بەکارهێنەرانی چارەسەری میوزیکی بەروارد بەوانەی چارەسەرەکەیان بۆنەکراوە، شێوازی ژیانیان باشتر و گەشبینتر بوو، تەنانەت ئازاری ماسوولکەکانیشیان کە بەهۆی چارەسەرە کیمیاییەکانی شێرپەنجەوە دووچاریان دەبوو، کەمتربوو. 
 
سام رۆدگێرز، چارەسەرکاری میوزیکی بۆ تووشبووانی شێرپەنجە لە ناوەندی کلیڤلاند و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: ''میوزیک ئازار و دڵەڕاوکێی تووشبووانی شێرپەنجە بە رێژەیەکی بەرچاو کەمدەکاتەوە، بەجۆرێک لەنێو تووشبووانی شێرپەنجەی خوێنی جۆری SCA، کاریگەریی ئەرێنی زۆرتر و شێوازی ژیانێکی باشتری هەبووە.''
 
سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە روونیدەکاتەوە، چارەسەرە میوزیکییەکان بە شێوازی جیاواز بۆ بەشداربووان بەکاردەهاتن کە پێکهاتبوون لە 'نوسینەوەی گۆرانییەکان، دروستکردنی میوزیک، تۆمارکردنی گۆرانی و گوێگرتن لە میوزیکی تێڕوانین'، دەرکەوت چارەسەرەکان 1.48 یەکە ئازار و 2.58 یەکە دڵەڕاوکێ و 0.84 یەکە بێهێزیی ماسوولکەکانی تووشبووانی کەمدەکردنەوە.
 
لەکۆتاییدا دکتۆر سام دەڵێت: چارەسەریی میوزیکی دەتوانێت وەکو چارەسەرێکی تەواوکەر لەگەڵ دەرمانە کیمیاییەکان و چارەسەرە تیشکییەکانی شێرپەنجە لە باشترکردنی شێوازی ژیانی تووشبووان بەکاربێت، هەروەها وەکو ستراتیژیەتێک بۆ کەمکردنەوەی ئەو نیشانانەی کە لەوانەیە لەڕێگەی چارەسەرەکانەوە رووبەڕوویان ببنەوە پشتی پێببەسترێت.
 
ناوەندی دەرمان و خۆراک FDA لە ئەمریکا چارەسەری میوزیکی وەک چارەسەرێکی کاریگەر بۆ کەمکردنەوەی نیشانەکانی تووشبوون بە ئەلزەهایمەر، نەخۆشییەکانی دڵ، ئۆتیزم و گوشاری دەروونی پەسندکردووە.