لە سوێد لەبری پاسپۆرتی ڤاکسین مایکرۆچیپ لەژێر پێست دادەنرێت

21-12-2021
عومەر ئەحمەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی سوێد رایدەگەیێنێت، دەبێت هاوڵاتییان ڤاکسین وەربگرن و بە بەڵگەیەکیش وەرگرتنی ڤاکسینەکە بسەلمێنن. ئەوەش دوای ئەوە هات کە جۆری ئۆمیکرۆنی کۆرۆنا لەسەر ئاستی جیهان بەخێرایی بڵاوبووەوە.
 
کۆمپانیایەکی سوێدی دەستی بە هەنگاوێکی نوێ کردووە کە دانانی مایکرۆچیپە لەژێر پێستی مەچەک و بەرپرسانی کۆمپانیاکەش دەڵێن، ئەو کارە لە هەڵگرتنی کارتی ڤاکسین ئاسانتر و باشترە. 
 
هانس ژۆبلات، بەڕێوەبەری کۆمپانیای دانەری مایکرۆچیپ دەڵێت، "چیپێکم لەژێر پێستی دەستم داناوە و بە جۆرێک پرۆگرامم کردووە کە زانیارییەکانی پەیوەست بە وەرگرتنی ڤاکسینمی تێدایە، دەمەوێت بەردەوام ئەو زانیارییانەم لەبەردەستدا بن."
 
هانس ژۆبلات، باسی لەوەکرد، "تەنیا پێویستە مۆبایلەکەم لەسەر دەستم دابنێم و ئیدی خۆی دەکرێتەوە و فایلێکی pdf نیشاندەدات کە پاسپۆرتی ڤاکسینەکەمە، ئەوەش وادەکات بچمە هەر شوێنێک تەنانەت ئەگەر مۆبایلەکەشم پێنەبێت خەڵک دەتوانن بە مۆبایلەکانی خۆیان پاسپۆرتی ڤاکسینەکەم ببینن."
 
حکومەتی سوێد رایگەیاندووە، هەر کۆبوونەوەیەک، چالاکییەکی گشتی یان بۆنەیەکی کۆمەڵایەتی کە بە بەشداربوونی 100 کەس زیاتر بەڕێوەبچێت پێویستە بەشداربووان هەڵگری پاسپۆرتی ڤاکسین بن.
 
ئەوەش بووەتە هۆکار بۆئەوەی ژمارەیەکی زیاتری سوێدییەکان داوای دانانی مایکرۆچیپی پاسپۆرتی ڤاکسین بکەن.
 
هانس ژۆبلات، بەڕێوەبەری کۆمپانیای دانەری مایکرۆچیپ گوتیشی، "دانانانی مایکرۆچیپێکی پێشکەوتوو لەژێر پێست تەنیا چەند سەت یۆرۆیەکی تێدەچێت، ئەوە لە کاتێکدایە کڕینی کاژێرێک کە باری تەندروستی دەخوێنێتەوە، تێچووەکەی دوو هێندەی دانانی مایکرۆچیپەکەیە. خەڵک دەتوانن مایکرۆچیپەکە نزیکەی 40 ساڵ بەکاربهێنن، بەڵام کاژێرەکە تەنیا دەتواندرێت بۆ ماوەی سێ تاوەکو چوار ساڵ لەدەست بکرێت."
 
ئامانج لە دانان و بەکارهێنانی مایکرۆچیپ ئەوەیە کە هاووڵاتییان پێویستیان بە هەڵگرتنی کارت و پاسپۆرتی ڤاکسین نەبێت، لە سوێد جگە لە کارتی ڤاکسین، مایکرۆچیپی تیکتی شەمەندەفەریش رێگەی پێدراوە و لە ساڵی 2017 ەوە کۆمپانیای نیشتمانیی هێڵی شەمەندەفەری سوێد کاری پێدەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە