وردەکاریی پزیشکیی پێکانەکەی کەریم بنزیما بڵاودەکرێتەوە

رووداو تەندروستی 

یەکێتی تۆپی پێی فەرەنسا یاریزان کەریم بنزیمای تەمەن 34 ساڵ لە یارییەکانی مۆندیالی 2022ـی قەتەر بەهۆی پێکانەوە دووردەخاتەوە. 
 
کەریم بنزیما دوای ئەوەی لە کاتی راهێنانەکان و ئامادەکاری بۆ یارییەکانی مۆندیال، لە بەشی سەرەوەی ماسوولکەی رانی تووشی پێکانێکی سەخت بوو، راهێنانەکانی بۆ یارییەکانی مۆندیال راگرت، دواتر پشکنینە تیشکییەکانی MRI ئەوەیان دەرخست کە یاریزانەکە پێکانی لە رێکە ماسوولکەی ئێسکی رانی چەپیدا بە ناوی (رێکتۆس فیمۆریس) هەیە. 
 
رێکە ماسوولکەی ئێسکی ران دوو جومگە بەیەکەوە دەبەستێتەوە، رۆڵێکی گرنگی لە درێژکردنەوەی ئەژنۆ و گرژبوونی راندا هەیە.
 
دکتۆر جۆیڵ کاری، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ئێسک لە ئەمریکا سەبارەت بە پێکانی ماسوولکەکە دەڵێت: ''هۆکارەکانی پێکانی رێکە ماسوولکەی ران بریتین لە گوشاری ماسولکەکان، زەبری تووند، نەکردنی راهێنانی گەرمکردنەوە پێش یاریکردن یاخود ئەنجامدانی جووڵەی هەڵە لەکاتی وەرزشکردن.'' 
 
هەروەها دکتۆر جۆیڵ روونیدەکاتەوە، چاکبوونەوە بەندە بە جۆر و تووندی برینەکەوە، لانیکەم دوو بۆ سێ هەفتەی دەوێت، بەڵام لە ئەگەری بەرکەوتنی زەبری تووندی ماسولکەکان، لەوانەیە چوار مانگ یان زیاتر بخایەنێت.
 
کەریم بنزیما، یاریزانی هەڵبژاردەی فەڕەنسا لە تویتێکدا دەڵێت: ''لە ژیانمدا هەرگیز وازم نەهێناوە، بەڵام دەبێت بیر لە تیپەکەم بکەمەوە، بۆیە عەقڵ پێم دەڵێت شوێنی خۆم بدەم بە کەسێک کە بتوانێت یارمەتی پێکهاتەکەمان بدات بۆ ئەوەی مۆندیالێکی نایابی هەبێت، سوپاس بۆ هەموو پەیامە پشتگیرییەکانتان.'' 
 
 تیمە پزیشکییە فەرەنسییەکانیش رایدەگەیێنن، تا ئەو کاتەی بینزیمە بەتەواوی هەست بە هیچ ئازارێک نەکات و جوڵەی ران و ئەژنۆی ئاسایی نەبێتەوە ناتوانێت بۆ یاریگەکان بگەڕێتەوە.