پسپۆڕێکی خۆراک: توێکڵی سپیی هەنار دژی بەکتریای گەدەیە

رووداو - تەندروستی 

پسپۆڕێکی کلینیکیی خۆراکی رایدەگەیێنێت، شەربەتە دەستکردەکانی هەنار مادەی زیادیان تێدایە و دەشێت ژەهراویبن، بۆیە هەمیشە باشترە کە شەربەتی هەناری سرووشتی بخورێتەوە.
 
پاییز وەرزی هەنارە و هەناریش بە یەکێک لە میوە سەرەکییەکان لەنێو کۆمەڵی کوردەواریدا دادەنرێت کە بە چەندین شێوە بەکاردەهێندرێت و سوودی لێوەردەگیرێت، د. هۆلیم هاشم، پسپۆڕی خۆراک دەڵێت: توێکڵی سپیی هەنار مادەی دژەهەوکردن و دژەمیکرۆبەکانی تێدایە کە دژی بەکتریای گەدەن و یارمەتیی کەمکردنەوەی نیشانەکانی چەندین نەخۆشیش دەدەن.
 
لەم وەڵامانەی خوارەوەدا د. هۆلیم هاشم، پسپۆڕی کلینیکیی خۆراکی باسی جیاوازیی نێوان هەناری شیرین و ترش دەکات و ئەمەش دەقی وەڵامەکانی؛
 
رووداو: کێن ئەوانەی پێویستە رۆژانە هەنار یاخود شەربەتی هەنار بخۆن؟
 
د. هۆلیم هاشم: هەنار یاخود شەربەتی هەنار دەوڵەمەندە بە ترشی فۆڵیک، ڤیتامین سی و کەی، ریشاڵەکان و پۆتاسیۆمی تێدایە کە ئەمەش وادەکات یارمەتیی هاوسەنگکردنی پەستانی خوێن بدات و چەندان سوودی دیکەشی هەبێت، هەربۆیە هەموو کەسێک پێویستە بیخوات، بەڵام ئەوانەی سکچوونیان هەیە یاخود خانمانی دووگیان، نابێت هەنار و توێکڵی هەناریش بخۆن، چونکە دەبێتەهۆی گرژبوونی ناوپۆشی منداڵدان، هەروەها ئەوانەی کە قەبزن توێکڵی هەنار دۆخەکەیان خراپتردەکات. شەربەتی هەناری سرووشتی بۆ تووشبووانی شەکرە لە کۆنتڕۆڵکردنی شەکرەکەیان سوودی زۆری دەبێت.
 
رووداو: ئایا شەربەتی هەنار خوێی تێبکرێت ئاساییە؟
 
د. هۆلیم هاشم: دەتواندرێت بڕێکی دیاریکراوی تێبکرێت، چونکە تاموچێژەکەی خۆشتر دەکات، بەڵام بەپێی WHO، رێژەی دیاریکراوی خوێ لە رۆژێکدا تەنیا چوار گرامە، بۆیە باشترە شەربەتەکە بەبێ خوێ بخورێتەوە یاخود خوێی زۆر کەم بەکاربێت، تاوەکو پەستانی خوێن بەرز نەبێتەوە و کاریگەریی لاوەکیی نەبێت.
 
رووداو: ئایا ئەو توێکڵە نەرمەی لە نێوی هەناردا هەیە بۆچی بەسوودە؟
 
د. هۆلیم هاشم: توێکڵی سپیی هەنار مادەی دژەهەوکردن و دژەمیکرۆبەکانی تێدایە کە دژی بەکتریای گەدەیە، هاوکات تایبەتمەندیی دژەشێرپەنجەشی هەیە. ئەوانەی کێشەی گەدە و دڵەکزێیان هەیە باشترە لەگەڵ خواردنی هەنار، توێکڵە سپییەکەشی لەگەڵدا بخۆن، چونکە دۆخەکەیان باشتردەکات.
 
رووداو: چ کاتێک باشە بۆ خواردنەوەی شەربەتی هەنار؟
 
د. هۆلیم هاشم: شەربەتی هەنار باشترە بە گەدەی بەتاڵ بخورێتەوە بەبێ تێکردنی هیچ پێکهاتەیەکی زیاد، بەتایبەت لە بەیانییاندا بخورێتەوە، چونکە لەو کاتەدا زیاتر شەکری خوێن کۆنتڕۆڵدەکات، لەبەرئەوەی بەیانییان رێژەی شەکری خوێن بەرزە.
 
رووداو: ئایا لەڕووی سوودەوە هەناری ترش لەگەڵ هەناری شیرین چ جیاوازییەکی هەیە؟
 
د. هۆلیم هاشم: هەمان سوودیان هەیە، چونکە هەمان بڕ و پێکهاتەیان تێدایە.
 
رووداو: شەربەتە دەستکردەکانی هەنار بخورێنەوە ئاساییە یاخود سوودیان دەبێت؟
 
د. هۆلیم هاشم: نەخێر ئاسایی نییە، چونکە شەربەتە دەستکردەکان رێژەیەکی زۆر لە مادە پارێزەرەکان، تام، شەکر و لیمۆندۆزییان تێدایە ئەمانەش هەرچی سوودی هەنار هەیە نایهێڵێت و ژەهرن.