تەندروستیی هەولێر: 221 تووشبووی کۆلێرا تۆمارکراون

21-09-2023
شکار رێبوار
کاتی کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکە. وێنە: رووداو
کاتی کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکە. وێنە: رووداو
نیشانەکردن سکچوون و رشانەوە
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر رایدەگەیێنێت، ژمارەی تووشبووانی کۆلێرا زیادبوونە و ئێستا 221 تووشبوو هەن، بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستیی هەولێریش دەڵێت: زۆرینەی تووشبووان لە رەگەزی نێرن.  
 
رۆژی پێنجشەممە 21ـی ئەیلوولی 2023 د. دلۆڤان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر لەگەڵ د. بێریڤان عەدنان، بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر و د. سەیفەدین محیەدین، بەرپرسی نەخۆشییە گوازراوەکان لە بەڕێوەبەرایەتییەکە، کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانییان کرد و د. دلۆڤان گوتی، ساڵانە پەتای کۆلێرا لە هەرێمی کوردستان و عێراق بڵاودەبێتەوە کە پیسبوونی ئاو یاخود خۆراک سەرچاوەی سەرەکیین. 
 
تەنانەت ئاماژە بەوەشدەکات، هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەی سەرجەم ئەو لایەنانەی کە بەرپرسن لە سەرچاوەکانی ئاو و خۆراک لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی دەکرێت تاوەکو میکانیزمی گونجاو بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەتاکە بدۆزنەوە و بتوانن کۆنتڕۆڵی بکەن.
 
د. دلۆڤان محەممەد دەشڵێت: پێویستە هاونیشتمانییان هۆشیاربن لە جێبەجێکردنی رێنوێنییەکانی خۆپارێزی بەتایبەت بایەخدان بە پاکوخاوێنیی دەستەکان و شۆردنەوەی سەوزە و میوە، هەروەها بەکارهێنانی ئاوی سەرچاوە فەرمییەکان.
 
هەر لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا د. بێریڤان عەدنان، بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر گوتی، 80٪ـی تووشبووانی کۆلێرا نیشانەکانیان لاوازە یاخود بێنیشانەن، پشتڕاستیشی دەکاتەوە، سەوزە و میوە زۆر بەجوانی بشۆردرێنەوە بەتایبەت خۆراکی چێشتخانەکان، هەروەها دەشڵێت: ''زۆرینەی تووشبووانی کۆلێرا رەگەزی نێرن''. 
 
د. بێریڤان عەدنان هۆشداریش دەداتە هاونیشتمانییان، لەکاتی دەرکەوتنی نیشانەکانی کۆلێرا سەردانی بنکە تەندروستی و نەخۆشخانەکان بکەن، چونکە ئەگەر کۆلێرا چارەسەرنەکرێت، ئەوا پاشهاتی مەترسیداری تەندروستی دەبێت و ئەگەری گیانلەدەستدان زیاددەکات.
 
ئەو بەڕێوەبەرەی خۆپاراستنی هەولێر گوتیشی، پێویستە سەرچاوەی سەوزە دیاربێت و دەبێت بە ئاوی خاوێن ئاوبدرێن، چونکە ئاودانی سەوزە بە ئاوی پیس وادەکات بەروبوومە خۆراکییەکە ژەهراوی بکات و ببێتە سەرچاوەیەک بۆ کۆلێرا.
 
د. سەیفەدین محیەدین، بەرپرسی نەخۆشییە گوازراوەکان لە بەڕێوەبەرایەتییەکە رایگەیاند، لە شوێنە گشتییەکاندا سەوزەکان نەخورێن، هەروەها گوتیشی، زۆرینەی تووشبووان جگە لەوەی لە رەگەزی نێرن، بەساڵاچووشن. 
 
د. سەیفەدین روونی دەکاتەوە، بەکارهێنانی خوێ بۆ شۆردنەوەی سەوزە و میوەکان نابێتەهۆی کوشتنی بەکتریای ڤیبریۆ کۆلێرا کە دەبێتەهۆی نەخۆشیی کۆلێرا، بەڵکو دەڵێت:''خۆراک و مادەی ترش بەکتریاکە لەنێودەبەن و خۆراکەکانی وەکو 'تەماتە، لیمۆ، هەنار، سرکە و ماستی ترش' بایەخی زیاتریان پێبدرێت''. 
 
هاوکات د. سەیفەدین ئاشکراشی دەکات، بەکتریاکە لە پلەی گەرمیی نزمدا لەنێو ناچێت، هەروەها هۆشداریدەدات کە ئەگەر کەسێک نیشانەی نەخۆشییەکەشی نەبێت، دەتوانێت بەکتریاکە بگوازێتەوە و کەسانی دیکە تووشبکات. 
 
بە گوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، نەخۆشیی کۆلێرا لەڕێگەی بەرکەوتن بە خۆراک و ئاوی پیسبووەوە دەگوازرێتەوە بۆ جەستە، بەڵام لەڕێگەی کۆکە و پژمەوە ناگوازرێتەوە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێر. وێنەکە تەنیا بۆ روونکردنەوە دانراوە

سەرۆکی بەشی هەناو لە نەخۆشخانەی رزگاری: هەڵە دەستنیشانکردن لە 'تای ماڵتا' زۆرە

سەرۆکی بەشی هەناو لە نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێر رایدەگەیەنێت، زۆرینەی ئەوانەی دێنە نەخۆشخانە و وادەزانن تووشبووی تای ماڵتا ''حومەی ماڵتا''ـن نەخۆشییەکەیان نییە و دەرمانی ناپێویستیان بۆ نەخۆشییەکە وەرگرتووە.