لە ئێران لە هەر حەوت خولەکێکدا کەسێک تووشی زەهایمەر دەبێت

21-09-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
پیاوێکی بەتەمەن کە زەهایمەری هەیە و لەسەر شەقام ون بووە، وێنەکە لەڕێگەی ژیریی دەستکردەوە دروستکراوە
پیاوێکی بەتەمەن کە زەهایمەری هەیە و لەسەر شەقام ون بووە، وێنەکە لەڕێگەی ژیریی دەستکردەوە دروستکراوە
نیشانەکردن زەهایمەر سنووری ئێران و عێراق تەندروستی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە وڵاتی ئێران ژمارەی تووشبووانی زەهایمەر بە رێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و ساڵانە زیاتر لە 75 هەزار کەس تووشی ئەو نەخۆشییە دەبن، کە نەخۆشییەکە تائێستا چارەسەرێکی بنەڕەتیی نییە.

 

مەعسوومە ساڵحی، بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی زەهایمەری ئێران دەڵێت "لە شەش مانگی رابردوودا بەراورد بە ساڵی پار، 400 کەس زیاتر لەبەر ئەوەی نیشانەکانی زەهایمەریان هەبووە، سەردانی پزیشیکیان کردووە، هۆکاریشی سترێس و دڵەڕاوکێ بووە لەئەنجامی کەمبوونەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان ."

 
بەگوتەی ساڵحی، لە ئێران لە هەر 7 خولەکێکدا کەسێک تووشی زەهایمەر دەبێت و ئێستاش زیاتر لە یەک ملیۆن نەخۆشی زەهایمەر لەو وڵاتەدا تۆمارکراوە.
 
ئەمڕۆ رۆژی جیهانیی زەهایمەرە، نەخۆشییەک کە جیهانی ئەمڕۆی بۆ زۆر کەس تاڵکردووە و زیاتر وەک نەخۆشیی لەبیرچوونەوە دەناسرێت. 
 
مەعسوومە ساڵحی دەڵێت "وەرزش، خواردنی گونجاو، دوورکەوتنەوە لە کهوول، جگەرەنەکێشان، فێربوونی زمان یان هونەری زۆر، دووربوونی کەلـلــــەی سەر لە زەبری دەرەکی، بەستنی قایشی سەلامەتی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان کاریگەرییان لەسەر تووشنەبوون بە زەهایمەر هەیە."
 
ئیرەج کشاوەرز، پسپۆڕی مێشک و دەمارە و لەسەر نەخۆشییەکە گوتی "خواردنی خۆراکی باش، وەک ئەو شتانەی مەترسیی نەخۆشییەکانی پەستانی خوێن و هەوکردنی دڵ و مێشک کەم دەکەنەوە، جوڵە و وەرزشکردن، هەروەها مێشک چالاک رابگیرێت، کتێب بخوێننەوە، سەیری فیلم بکەن، بەهەر حاڵێک بێت مێشکیان بەکاربێنن." ئەوانە کاریگەرییان دەبێت لە تووشنەبوون بە زەهایمەر.
 
بیرچوونەوە، گۆڕانی هەڵسوکەوت، کێشە لە قسەکردن، کێشە لە راپەڕاندنی کاروباری رۆژانە، کێشە لە بڕیاردان و دادوەریکردن، ونکردنی کات و شوێن، تێنەگەیشتن لە وێنە، یان ئەندازە و مەودایان و لە دەستدانی ورە، نیشانەن بۆ زەهایمەر.
 
ئەحمەد دلبەری، پسپۆڕی بەساڵاچووان لەسەر جۆرەکانی نەخۆشییەکە و نیشانەکانی دەڵێت "بەو جۆرە نییە کە هەموو تووشبووان یەک جۆر نیشانەی تووشبوون بە زەهایمەریان هەبێت، بۆ نموونە بڵێین هەموویان دەستبەجێ شتیان لەبیردەچێتەوە، رەنگە کەسێک سەرەتا کێشەی جوڵەی هەبێت، کەسێک كێشەی بیرچوونەوەی هەبێت، کەسێک تووشی سەرلێشێواوی بێت."
 
هەرچەندە هەوڵی جدی بۆ دۆزینەوەی دەرمانێک بۆ زەهایمەر دراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا پێشگیری باشترین چارەسەرە. ئەمساڵیش درووشمی جیهانیی زەهایمەر، کەمکردنەوەی هۆکارەکانی تووشبوونە.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە