رێکخراوی فەند بۆ رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەکانی ئایدز، سیل و مەلاریا هاوکاری کۆدەکاتەوە

21-09-2022
تاڵیب حشمەت @Talib_Aldalaui
A+ A-

رووداو-هەولێر

رێکخراوی فەندی جیهانی بۆ دابینکردنی فەند بۆ رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەکانی ئایدز، سیل و مەلاریا کۆنفرانسێک رێکدەخات و ئامانجیەتی کە 18 ملیار دۆلار بەدەستبهێنێت.
 
رۆژی چوارشەممە، 21ـی ئەیلوولی 2022، لە شاری نیویۆرکی ئەمریکا رێکخراوی فەندی جیهانی لە کۆنفرانسێکدا کە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا سەرپەرشتی دەکات، داوای لە وڵاتان کرد 18 ملیار دۆلار پاڵپشتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەکانی ئایدز، سیل و مەلاریا پێشکێش بکەن.  
 
فرانسوا ڤانی، گوتەبێژی رێکخراوی فەندی نێودەوڵەتی رایگەیاند، تائێستا ئەڵمانیا 1.3 ملیار دۆلار، ئەمریکا شەش ملیار دۆلار و ژاپۆن 1.08 ملیار دۆلار پاڵپشتییان پێشکێشکردووە. گوتیشی کە ئەمە گەورەتین فەندە (پاڵپشتی دارایی) رێکخراوەکەیان داوای کردبێت. 
 
ڤانی گوتی، "هیواخوازم ئەو کەسانەی کە پاڵپشتیی دارایی پێشکێش دەکەن، لە کارەکانی پێشوومان بڕوانن."
 
هەفتەی رابردوو رێکخراوی فەندی نێودەوڵەتی ئامارێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، لە 20 ساڵی رابردوودا توانیویانە ژیانی 50 ملیۆن کەس بپارێزن. گوتیشی، "وڵاتانی جیهان دەبێت درک بەو راستییە بکەن کە هیچ لایەنێک پارێزراو نییە ئەگەر هەمووان پارێزراو نەبن. ئێمە لە کاتی کۆرۆناوە ئەوە دەڵێینەوە و نابێت ئەو کاتە لەبیر بکەین."
 
پار، رێکخراوی فەندی نێودەوڵەتی رایگەیاند، قەیرانی ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەری لەسەر کارەکانی لە جیهاندا دروستکردووە و بەوهۆیەوە کارەکانیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەکان پاشەکشێی کردووە، بەڵام هەفتەی پێشوو ئەم کۆنفرانسەیان راگەیاند و گوتیان کە رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەکانی ئایدز، سیل و مەلاریا خەریکە دەخرێتە واری جێبەجێ کردنەوە. 
 
ساڵی 2020، ژمارەی مردن بەهۆی سیلەوە 1.5 ملیۆن کەس بووە و دووەم کوشندەترین نەخۆشی بووە لەدوای کۆرۆنا. رێکخراوی فەندی نیودەوڵەتی 76٪ـی تێچووی رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشیی سیل دابین دەکات.
 
ژمارەی ئەو کەسانەی کە پار خزمەتگوزاریی خۆپاراستنیان لە نەخۆشیی ئایدز پێشکێشکراوە، 12 ملیۆن و 500 هەزار کەس بوون و رێکخراوی فەندی نێودەوڵەتی یەک لەسەر سێی تێچووی ئەو خزمەتگوزارییەی دابین کردووە.
 
بەگوێرەی یاسایەکی کۆنگرێسی ئەمریکا، ئەمریکا تەنها دەتوانێت تاوەکو یەک لەسەر سێی هاوکاریی دارای بۆ رێکخراوەکە دابین بکات، ئەمریکاش لە مێژووی رێکخراوەکەدا زۆرترین هاوکاری پێشکێشکردووە. ئامانجی لەم کارە هاندانی وڵاتانی دیکە بووە تاوەکو هاوکاریی دارایی پێشکێشی رێکخراوەکە بکەن.
 
رێکخراوی فەندی نێودەوڵەتی ساڵی 2002 دروستکراوە و سێ ساڵ جارێک لە رێگەی کۆنفرانسەکانیەوە، دەوڵەتەکان، ئاژانەسەکان، گرووپەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و رێکخراوەکان کۆدەکاتەوە تاوەکو بتوانێت لە رێگەی دابینکردنی هاوکاریی داراییەوە رووبەڕووی نەخۆشییەکانی ئایدز، سیل و مەلاریا ببێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە