لە سوودان پەتای کۆلێرا بە خێرایی بڵاودەبێتەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
شکار رێبوار
نێو نەخۆشخانەیەکی سوودان کە چەند تووشبوویەکی تێدایە. وێنە: AP
نێو نەخۆشخانەیەکی سوودان کە چەند تووشبوویەکی تێدایە. وێنە: AP
A+ A-
رووداو - تەندروستی

لە سوودان کۆلێرا بە تووندی بڵاوبووەتەوە و تەندروستیی سوودان رایدەگەیێنێت، لە دوو هەفتەدا زیاتر لە 350 تووشبووی کۆلێرا تۆمارکراون.
 
لەنێو نەخۆشخانەی فێرکاریی کەسلا لە سوودان چەند تووشبوویەک بەهۆی سەختیی بارودۆخی تەندروستییانەوە لە هۆڵێکدا جیاکراونەتەوە، پزیشکێک دەڵێت، لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی تووشبووان، شوێنی نەخۆشەکانیش کەمدەبێتەوە.
 
دکتۆر ئەبوبەکر محەممەد، پزیشک لە نەخۆشخانەی فێرکاریی کەسلا دەڵێت: ''ئەگەر گومانلێکراوی تووشبووی کۆلێرا هەبوو، دەگوازرێتەوە بۆ بەشی فریاکەوتن و جیاکردنەوە. پزیشکان 24 کاژێر ئامادەن و کەیسەکان پۆلێن دەکەن، ئەگەریش سەلمێندرا کەسێک تووشبووە، چارەسەری دەدرێتێ''.
 
ئەمانەی خوارەوە ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشیی کۆلێرا زۆرە؛
 
- ئەوانەی پێش و دوای ژەمی خۆراک دەستناشۆن
- ئەوانەی خۆراکە سەردانەپۆشراوەکان دەخۆن
- ئەوانەی گۆشتی نەکوڵاو دەخۆن
- ئەوانەی لە ئاوی پیس مەلەدەکەن
- منداڵانی خوار 10 ساڵان
 
بەپێی تەندروستیی سوودان، لە دوو هەفتەی رابردوودا نەخۆشیی کۆلێرا بە چڕی بڵاوبووەتەوە و زیاتر لە 350 تووشبوو تۆمارکراون، لەو ژمارەیەش لانیکەم 22ـیان گیانیان لەدەستداوە.
 
عەلی ئادەم، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کەسلا بە وەکالەت دەڵێت: ''ژمارەی ناوچەکانی ویلایەتی کەسلا11ـیە، شەشیان گومانلێکراو و تووشبووی کۆلێرایان تێدایە، بە دڵنیاییەوە کۆلێرا نەخۆشییەکە پەیوەندی بە ئاوخواردنەوە و ژینگەی پیسەوە هەیە، زۆریی ژمارەی مێش نەخۆشییەکە زیاتر دەگوازێتەوە''.
 
ئەو وڵاتانەی بەدەست ململانێی سیاسی، هەژاری و کارەساتە سرووشتییەکانەوە دەناڵێنن، زۆرترین مەترسیی بڵاوبوونەوەی کۆلێرایان لەسەرە، چونکە ئاوی پاک و ئامرازەکانی پاککردنەوەی گونجاویان دەستناکەوێت؛ سوودانیش یەکێکە لەوانە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە