توێژینەوەیەک: دەرمانەکانی قەڵەوی بیرکردنەوەی خۆکوژی زیاددەکەن

رووداو - تەندروستی 

توێژینەوەیەکی نوێی ئەمریکی ئاشکرای دەکات، ئەوانەی دەرمانەکانی قەڵەوی کە بۆ نەخۆشیی شەکرەیە بەکاردەهێنن، زیاتر بیر لە خۆکوژی دەکەنەوە بەراورد بەوانەی بە رێگەی سرووشتی کێشیان دادەبەزێنن.
 
توێژینەوەکە لە گۆڤاری JAMA بڵاوکراوەتەوە و نووسەرانی توێژینەوەکە زانیارییەکانی 30 هەزار بەکارهێنەری دەرمانەکەیان هەڵسەنگاند و بۆیان دەرکەوت، بەکارهێنەرانی ئەو جۆرە دەرمانانە ئەگەری بیرکردنەوە لە خۆکوشتنیان 45٪ زیاترە بەراورد بەوانەی بۆ خۆلاوازکردنەوەی دەرمانەکان بەکارناهێنن.
 
تەنانەت بەپێی ئامارەکانی توێژینەوەکە، ئەگەر کەسێک دەرمانەکانی خەمۆکی و گوشاری دەروونی بەکاربهێنێت و بۆ خۆلاوازکردنەوە پەنا بباتە بەر دەرمان، ئەوا چوار ئەوەندە بیری خۆکوشتنی زیاددەبێت.
 
هەرچەندە دەزگای خۆراک و دەرمان لە ئەورووپا رایگەیاند، بەڵگەی تەواوەتی نییە لەبارەی پەیوەندیی نێوان خۆکوشتن و بەکارهێنانی دەرمانەکانی قەڵەوی، بەڵام ئەم توێژینەوە نوێیە سەرنجێک دەخاتە سەر کاریگەرییە لاوەکییەکانی دەرمانەکان.
 
لەم دواییانە چەند لێکۆڵینەوە و راگەیێندراوێکی نوێ بڵاوکرانەوە و ئاشکرای دەکەن، دەرمانەکانی قەڵەوی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن، سستبوونی گورچیلە، شێرپەنجە و هەوکردنی پەنکریاس کەمدەکەنەوە.
 
بەڵام FDA رێنوێنیی هاووڵاتییان دەکات، ''ئەو جۆرە دەرمانانە بەتەواوی دەبێت لەژێر راوێژی پزیشکدا بەکاربێن، چونکە پێویستە بەپێی بڕ و کاتی دیاریکراو بۆ کەسی شیاو بەکاربهێندرێن''.