توێژینەوەیەک: دەرمانی 'tirzepatide' ئەگەری تووشبوون بە شەکرە و قەڵەوی کەمدەکاتەوە

رووداو - تەندروستی 

توێژینەوەیەکی کۆمپانیای Eli Lilly تایبەت بە دروستکردنی دەرمان دەریدەخات، دەرمانی tirzepatide دەشێت بۆ کۆنتڕۆڵکردن و پێشگیریکردن لە تووشبوون بە نەخۆشیی شەکرە و قەڵەوی بەکاربهێندرێت. 
 
ئەم توێژینەوەیە بۆ ماوەی سێ ساڵ بەردەوام بووە و دەرکەوتووە، تێرزەپەتاید ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی شەکرەی جۆری دووەم بەڕێژەی 94٪ و ئەگەری تووشبوون بە قەڵەوی بەڕێژەی 23٪ کەمدەکاتەوە. 
 
کۆمپانیاکە ئاماژە بەوەشدەکات، دەبێت ئەم دەرمانە لە ژێر چاودێری پزیشکی پسپۆڕ بەکاربهێندرێت و کاریگەرییە نەرێنییەکانی بریتین لە سکچوون، قەبزی و ڕشانەوە. 
 
بە گوێرەی ئەم توێژینەوەیە، یەک لەسەر سێی دانیشتووانی ئەمریکا مەترسیی تووشبوونیان بە نەخۆشیی شەکرە هەیە و گۆڕینی شێوازی ژیان باشترین رێگەی پێشگیریکردنە لە تووشبوون بە شەکرە. 
 
بەپێی کۆمەڵەی شەکرە لە ئەمریکا، کەمکردنەوەی کاربۆهیدرات، وەرزشکردن، کۆنتڕۆلکردنی گوشاری دەروونی و دورکەوتنەوە لە جگەرە، نێرگەلە و کحول ئەگەری تووشبوون بە شەکرە کەمدەکەنەوە.