لە دەربەندیخان چەند خۆبەخشێک 15 هێما لە شوێنە قەدەخەکراوەکانی مەلەکردن دادەنێن

رووداو - تەندروستی

لیژنەیەکی هاوبەش بە خۆبەخشی چەند هێمایەکی قەدەخەی مەلەکردن بە درێژایی بەنداوی دەربەندیخان و زێی سیروان دادەنێن، ئەندامێکی لیژنەکە دەڵێت: بەهۆی نەبوونی تیم و ئاگادارکەرەوە لە شوێنە مەترسیدارەکان بۆ مەلەکردن، کارەکەیان کردووە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 21ـی ئابی 2024 هاوکار قادر، چالاکڤانی مەدەنی و ئەندامێکی لیژنەی کاری هەرەوەزی لە سلێمانی و دەربەندیخان بە رووداوی گوت، ساڵانە چەندان کەس لە شوێنە قەدەخەکراوەکانی مەلەکردن لە دەربەندیخان و زێی سیروان دەخنکێن، بەڵام هیچ تیمێکی فریاگوزاری و هێمایەک لەو شوێنانە نین کە رێگری لە خەڵک بکەن مەلە نەکەن.
 
هاوکار قادر دەڵێت: ''هێمامان لە 15 شوێنی جیاواز داناوە، تاوەکو رێگری بکەن لە گیانلەدەستدانی چەندان کەس کە بەهۆی نەزانین لە مەلەکردن و هۆشیار نەکردنەوەیان، خنکاون''.

 
بە گوتەی ئەو چالاکڤانە مەدەنییە، لیژنەی کاری هەرەوەزی لە سلێمانی و دەربەندیخان لە چەند کەسێکی خۆبەخش لە سلێمانی و دەربەندیخان پێکهاتووە کە خزمەت بە کەرتی پەروەردە، کۆمەڵایەتی و هۆشیاری دەکەن.