تەندروستیی جیهانی: بەنزیکەیی هەموو تووشبووانی ئاوڵەی مەیموون هاوڕەگەزخوازی نێرن


رووداو دیجیتاڵ

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت، تاوەکو ئێستا 35,000 تووشبوو لە 92 وڵاتی جیهانەوە تۆمارکراون. 7500یان هەفتەی رابردوو بوون. هەروەها تووشبوون بە رێژەی 20% بەراورد بە هەفتەیەک پێشتر زیادیکردووە و تاوەکو ئێستا 7 تووشبووش مردوون.
 
لە جیهاندا بە گشتی و لە ئەمریکا کە بە 14,100 تووشبوو لە پێشەنگی ئەو وڵاتانە دێت کە هەڵگری ڤایرۆسەکەیان تێدایە، خواست لەسەر وەرگرتنی ڤاکسین زیادیکردووە، هەربۆیە هەفتەی رابردوو حکومەتی فیدراڵیی ئەمریکا 442 هەزار قورچکەی ڤاکسینی بۆ ناوەندەکانی تەندروستی نارد و هەفتەی داهاتووش یەک ملیۆن و 800 هەزاری دیکە دابین دەکات.
 
تێدرۆس ئەدهانۆم، بەڕێوبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت، "بە نزیکەیی هەموو ئەو تووشبووانەی لە ئەوروپا و ئەمریکا تۆمارکراون و هەموو ئەوانی دیکەش، لە نێو ئەو پیاوانەدان کە سێکس لەگەڵ پیاواندا دەکەن. بۆیە زۆر گرنگە هەموو وڵاتان خزمەتگوزاریی تەندروستی و زانیاریی پێویست بدەن بەو کۆمەڵگەیانە".
 
تاوەکو ئێستا کاریگەریی ئەرێنی ڤاکسینەکە بەتەواوی نەسەلمێندراوە. رۆزامۆند لێویس، سەرۆکی لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی ئاوڵەی مەیموون دەڵێت، "ئێمە پێشبینی ناکەین ڤاکسینەکە 100% کاریگەر بێت. زانیاریمان لەبەردەست نییە بۆ سەلماندنی ئەوە. بۆیە دەبێت ئەوە بزانن کە ڤاکسین قەڵخانێک نییە هەر کات هەستت بە مەترسی کرد بتپارێزێت. بەڵکو دەبێت ئەو چالاکییانەش کەمبکرێنەوە کە دەتخەنە مەترسییەوە، وەکو کەمکردنەوەی ژمارەی ئەو کەسانەی سێکسیان لەگەڵ دەکەیت، وازهێنان لە سێکسی بەکۆمەڵ و هەڕەمەکی".
 
نیشانە سەرەتاییەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی ئاووڵەی مەیمون بریتین لە تا، گیان ئێشە، لەرز و ماندووبوونی زۆر. دیارترین نیشانەش بریتییە لە هەڵاوسان، سووربوونەوە و کونبوونی پێست لە چەند بەشێکی جەستە.